زانا مینبەری بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا

11:42 - 14 رەشەمه 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمە، لاوێکی کورد بە ناوی "زانا مینبەری"، خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زانا مینبەری پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزراوە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە یەکی ڕەشەمە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی لە گەڕەکی "حاجیاوا"ی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

زانا مینبەری، تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی شەهلا و بێهزاد و خوشکەزای پەیمان مینبەری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم لاوە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.