کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی شۆڕش ئەبووبەکری بەڕێوە چوو

11:49 - 12 رەشەمه 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی ڕەشەمە، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی سەردەشت، ناسراو بە "شۆڕەسوار"، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارە بەڕێوە چوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شۆڕش ئەبووبەکری سەبارەت بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام بەرگریی لە خۆی کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی سەردەشت، ناسراو بە "شۆڕەسوار"، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ئازاد کرا.

نیوەشەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان کە چەکداریش بوون، بە توندوتیژییەوە هێرشیان کردە سەر ماڵی شۆڕش ئەبووبەکری و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کرد و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێیان ڕاگواست.

شۆڕش ئەبووبەکری ئامادەکار، پێشکەشکار، ژەنیاری تار و گۆرانیبێژی ناسراوی خەڵکی سەردەشت لە بواری ئەدەب و هونەرە. ناوبراو فێرگەیەکی مۆسیقا بە ناوی "ئاوای کورد"ی لە سەردەشت هەبوو کە ٦ ساڵ پێش ئێستا مۆڵەتەکەی هەڵوەشایەوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە لە دوایین گرتەی ڤیدیۆییدا کە لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی بە زمانی کوردی و ڕۆژێک پێش لە دەسبەسەرکرانی بڵاوی کردبووەوە، باسی لە بەربەستە حکوومەتییەکان و هەوڵەکان بۆ پێشگرتن لە چالاکییەکانی لە بواری هونەر و وێژەی کوردی لە دوو دەیەی ڕابردوودا کردبوو.