بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی یاسر حوسێنی

23:44 - 10 رەشەمه 2723

یاسر حوسێنی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کامێران، ١٧ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی یاسر حوسێنی و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی لە ناوەندە دادوەری و ئەمنییەتییەکان، بەرپرسانی پێوەندیدار لە دانەوەی وڵامی ڕوون لەمبارەوە خۆیان دەبوێرن. ئەمە نیگەرانیی بنەماڵە و کەسانی نزیکی یاسری لێ کەوتووەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: یاسر حوسێنی تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم لاوە تەمەن ٢٥ ساڵەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردووە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم لاوە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.