قووچان؛ مێهران ڕەحیمی، هونەرمەندی کورد پاش دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

23:00 - 8 رەشەمه 2723

دوابەدوای ئەوەی کە ڕۆژی یەکشەممە، یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە حوکمی دەسبەسەرکردنی مێهران ڕەحیمی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی قووچان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و نەیانتوانی دەسبەسەری بکەن، ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ ئەم هونەرمەندە کوردە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتەکەی، ڕۆژی ٥ی ڕەشەمە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

مێهران کە دوای دەسبەسەرکرانی بۆ شاری "رازوجەرگەلان" ڕاگوێزرابوو، پێش دەسبەسەرکان کەتبووە ژێر گوشارەوە کە دەبێ هەتا ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی ڕەشەمە خۆی بە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی "رازوجەرگەلان" لە پارێزگای خوراسانی باکوور بناسێنێ و ئەگەر ئەم کارە نەکات لە هەر کوێ دەسبەسەری بکەن، زیاتر لە یەک ساڵ سزای دەدەن.

ڕۆژی یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە حوکمی دەسبەسەرکردنی ناوبراو، هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و کاتێ زانیویانە لە ماڵ نییە، گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی کە دەبێ مێهران ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ مێهران ڕەحیمی تاکوو ئێستا چەند جار پەیامی هۆشداری پێ گەیشتووە و کەوتووەتە ژێر گوشار کە جلی کوردی لەبەر نەکات و گۆرانیی کوردی نەڵێت. هێزە ئەمنییەتییەکان بەم بیانوویە تۆمەتی "پشتیوانی لە مونافقین و گرووپە تێرۆریستییەکان"یان داوەتە پاڵی و دەلێن "دژە شۆڕش"ە.

مێهران ڕەحیمی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی قووچان، سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوورە. ناوبراو تاکوو ئێستا چەندین گۆرانیی بە نیشانەی پاڵپشتی لە زمان و فەرهەنگی کوردی وتووە و بەم هۆیەوە کەوتووەتە ژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەستیاربوونی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە زمان و جلوبەرگی کوردی لە ئاستێکدایە کە دەتوانن بەم بیانوویە و بە تۆمەتی پاڵپشتی لە "دژە شۆڕش" سزای قورس بۆ چالاکان و هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە دەر بکەن.