زیندانی ورمێ؛ زیندانییەکی سیاسی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

23:22 - 7 رەشەمه 2723

شەوی یەکشەممە ٦ی ڕەشەمە، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "شاهین گەلەدار"، کوڕی عەلی و خەڵکی گوندی "هەکی" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە بە کوردپای وتووە: "شاهین گەلەدار بەهۆی ئازار و ئەشکەنجە و گوشاری لێپرسەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "تەرمی ئەو زیندانییە ڕەوانەی پزیشکی دادی ورمێ کرا و بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی تەرمەکە سەردانی ئەو ناوەندەیان کردووە".

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٧، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ نیشاندانی حوکمی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵەکەیدا دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.

شاهین گلەدار، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا و پاشان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ساڵی ١٣٩٩ لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە رێگەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومتی ئێران"، بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.