ئاودانان؛ هێرشی هێزە ئەمنییەتییەەکان بۆ سەر ماڵی سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

23:04 - 2 رەشەمه 2723

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دۆسییەسازیی نوێ بۆ سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە، بە حوکمی دەسبەسەرکران و بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی ناوبراو هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات و کەڵانتەری بە چەند ماشینەوە بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و کاتێ زانییان لە ماڵ نییە هەوڵی دەسبەسەرکردنی براکەیان دا.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هۆی دەسپێڕانەگەیشتن بە سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە، برای تەمەن ١٥ ساڵی ناوبراو بە ناوی ئەمیرڕەزایان بە بارمتە گرت و ٤٨ ڕۆژ دەسبەسەر و ئەشکەنجەیان کرد هەتا سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە خۆی ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بکات.

ئێستا بنەماڵەکەی نیگەرانی دووپاتبوونەوەی سێناریۆی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ بەبارمتەگرتنی دووبارەی ئەمیرڕەزا بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادەن.

سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە، لاوی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵكی ئاودانان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام، جێگر لەم شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد غوڵامی"، سەرجەم بە ٢٤ مانگ بەندکران بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پیشوو سزا درا.

بەپێی سزای دەرکراو دژی ئەم لاوە کوردە، ناوبراو بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "بێڕیزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، بە ١٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا دراوە و لە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسرا.

بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، زۆرترین سزا سەبارەت بۆ ئەم هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێ.

دادگا هەروەها بە هۆی نەبوونی پێشینەی سزای کەیفەری، بڕیاری هەڵپەساردنی ١٣ مانگ لە ١٦ مانگ بەندکرانی سەیدئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ دەر کردووە و ماوەی سێ مانگ بەندکرانی تەعزیریی دیکەشی بۆ پێبژاردنی ٣٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕی.

ئەم سزایە ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بەم لاوە کوردە ڕاگەیەندرا و گەلاوێژی ئەمساڵ، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام لە ئاودانان بەڕێوە چوو.