ورمێ؛ شاهین وەساف بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا

23:02 - 2 رەشەمه 2723

شاهین وەساف، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەڵماس و دانیشتووی ورمێ، پاش یەک ساڵ دەسبەسەرکران لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە، بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"، بە لەسێدارەدران سزا درا.

سزای دادگای سەرەتایی لە ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ئەمساڵدا و لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەم هاووڵاتییە تەمەن ٢٧ ساڵەیە ڕاگەیەندرا.

شاهین وەساف ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "ناسر وەساف"، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران.

ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ ماوەی چەند مانگ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و لەئەستۆگرتنی تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزران و ناسر وەساف دوای زیاتر لە یەک ساڵ لە بەندیخانە ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە، بە بێ هەبوونی پارێزەر لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو.