تونیا کەبوودوەند: حوکمی ١٠ ساڵ باوکم بە ژماردنی ڕۆژەکانی ژووری تاکەکەسی و\"تجمع احکام\" کۆتایی هاتووە و دەبێ ئازاد بکرێت

14:26 - 19 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەمڕۆ ١٩ی بانەمەڕ، ماوەی ١٠ ساڵ زیندانی محەممەد سدیق کەبوودوەند کۆتایی دێت و گریمانەکان لە ئەگەری ئازاد نەکردنی ناوبراو لەو بارەیەوە بەهێزن.

تونیا کەبوودوەند، کچی محەممەد سدیق کەبوودوەند، سەرۆکی بەند کراوی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە وتوویژێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، باس لە ماوەی کۆتای هاتنی ماوەی زیندانییەکی باوکی دەکات.

ناوبراو سەبارەت بە بارودۆخی جەستەیی و دەروونی کەبوودوەند بەم شێوە بۆ ئاژانسی کوردپا دوا:\" ئەو نەخۆشیانەی کە محەممەد سدیق کەبوودوەند لەگەڵی بەرەوڕوون، لە ڕێگای بەکارهێنانی دەوا و دەرمانەوە کونتڕۆڵ و بە خۆشیەوە لە حاڵی حازر تەندروستی جێگیرە و دۆخی دەروونیشی باشە.

تونیا کەبوودوەند لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هەوڵی جیددی لەو بارەوە بۆ ئازاد کردنی محەممەد سدیق کەبوودوەند دراوە، ڕایگەیاند: حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی باوکم بە ژماردنی ڕۆژەکانی ژووری تاکەکەسی و\"تجمع احکام\" کۆتایی هاتووە و دەىێ ئازاد بکرێت.

دایکم بە شوێن کاروباری دۆسیەکەی باوکەم دایە و داوای یاسایی بۆ تجمیع احکام لە سەرەتادا بە دیوانی باڵا و دواتر بۆ دادگای پێداچوونەوە گەڕێندراوەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا حوکمەکەی دەرنەچووە و ئێمە خەریکین بەدواداچوونی بۆ دەکەین.

تونیا کەبوودوەند لە وڵامی پرسیارێکی دیکەدا، بە سرنجدان بە ئەوەیکە پێشتر لە ئێراندا زیندانییانی سیاسی بوونی هەبووە کە پاش تەواو کردنی ماوەی حوکمەکەیان لە زیندان ئازاد نەکراون، ئایا ئیمکانی دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە حاڵەتانە بۆ چارەنووسی کەبوودوەند هەیە یان نا؟ گوتی: بە سرنجدان بە سازکردنی دۆسیەی لەو جۆرە لەو ماوەیە، دوور لە زەین نییە و بە مەبەستی راگرتنی کەبوودوەند لە زیندانی نادادپەروەرانەی ١٠ ساڵ لە زیندان لە ژێر ناوی جۆراوجۆر و بە سازکردنی دۆسیە جۆراوجۆرەکان لە ماوەی زیندانی کردنی كەبوودوەند، چەند کەرەتێک ڕووی داوە و نموونەی بەرچاوی ئەم دۆسیە نوێیە بووە\".

تونیا کەبوودوەند، کارناسی باڵای بەشی حوقوقی نێونەتەوەیی لە پەیوەندی لەگەڵ ڕادەی شوێندانەری کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان لە سەر پرۆسەی ئازادی کەبوودوەند ڕایگەیاند: کۆمەڵگایەکی مەدەنی چالاک بێگومان شوێندانەری زۆری لە سەر دەستەبەر کردنی مافی چالاکانی مەدەنی دەبێت؛ کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان بەو مەرجەی کە چالاکییەکانیان پەرە بستێنێت و چالاکتر بن دەتوانیت نەتەنیا لە ئازادی کەبوودوەند و کەبوودوەندەکان بەڵکوو لە دەستەبەر کردنی مافی چالاکانی دیکەش شوێندانەری هەبێت\".

بیوگرافی تونیا کەبوودوەند

لە دایکبوونی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شاری سنەیە و خاوەنی ىڕوانامەی کارناسی بەشی کارگێری بازرگانی و کارناسی باڵای بەشی حوقووقی نێونەتەوەییە؛ ناوبراو چالاکی و هاوکاری لەگەڵ حەوتوونامەی\"پیام مردم\" لە سەرەتادا هەتا داخرانی ئەو بڵاڤۆکە(١٣ ژمارە) هەبووە.