ئەندامێکی دیکەی مەکتەب قورئان لە شاری سنە دەسبەسەر کرا

13:12 - 10 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری سنە، حوکمی دەسبەسەر کردنی یەکێک لە ئەندامانی مەکتەب قورئانی ئەو شارەی دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەزەڵوەر، یەکێک لە ئەندامانی مەکتەب قورئانی شاری سنە بە حوکمی لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە، شوناسی ئەو ئەندامەی مەکتەب قورئانی بە ناوی \"موسلم ئیبراهیمی\" ڕاگەیاندووە.

\"\"بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، حوکمی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری سنە بۆ دەسبەسەر کردنی ئەو ئەندامەی مەکتەب قورئان، لە سەر سکاڵای تۆمار کراوی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بووە.

ئەوە سەرچاوە ئاگادارە، هەروەها بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، موسلم ئیبراهیمی \"پەرەستار\" لە بەشی چاوەدێری تایبەت (ئای سی یو)ی نەخۆشخانەی \"تەوحیدی\" شاری سنە بووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا هەروەها ڕایگەیاند: موسلم پاش چەند ساڵ خزمەت کردن لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە لە سەر سکاڵای ئیداری ئیتلاعات لە سەر کارەکەی دەر کراوە.

هەنوکە ئەو ئەندامەی مەکتەب قورئان، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە دایە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بیجاڕ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران و لە لایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بیجاڕ شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوەکانی \"مەنسوور فەتاحی\" و \"محەممەد حیسام هاشمی\" ڕاگەیاندووە.
هەروەها، ڕۆژی شەممە ٢٩ی ڕەزبەر، یەکێک لە مامۆستایانی شاری جوانڕۆ پاش بانگهێشت کردن بۆ دادگای ئەو شارە زیندانی کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری جوانڕۆ شوناسی ئەو مامۆستا کوردەی \"ئیبراهیم یەزدانی\" ڕاگەیاندووە.

پەیڕەوانی مەكتەب قورئان، كە پەیڕەوی قۆناغی سێهەمی ڕەوتی ئایینین، بە پشت بەستن بە لێکدانەوەکانی \"ئەحمەد موفتی‌زادە\" لە بواری ئایینی ئیسلام چالاکی دەکەن و \"ڕێنوێنی خەڵک بەبێ‌ بانگەشەی سیاسی\" بە ئەركی خۆیان دەزانن.

لینکی پەیوەندیدار:
دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری بیجار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا
مامۆستایەکی کورد لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر کرا