ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە

14:40 - 6 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە بەیاننامەیەکدا، کاولکردنی ژینگەی کۆساڵانی حاشاهەڵنەگر و بە پێچەوانەی یاسای زانی.

لە سەرەتای ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: \"بەڵایەک کە بە سەری ئەم وڵاتەدا هاتووە و دێت، وا دەکات کە شتێک بۆ پشت و پەنا و شانازی نەمێنێتەوە. ئەمانە نە بە دەستی دوژمنان، بەڵکوو بەدەستی کەسانێکی بە ناو یار و دۆست ئەنجام دەگرێت کە بە هۆی بیرکورتییانەوە، ژیانی هەموو خەڵکیان تێک داوە.\"

هەروەها لە درێژەدا نووسراوە: \"لەم دواییانەدا و لە هەوڵێکی سەرسووڕهێنەردا، جادەیەک لە دڵی کوێستانی پارێزراوی \"کۆساڵان\" لە پارێزگای سنە و لە تەنیشت شاری سەوڵاوادا، ساز دەکرێت کە بەتەواوی دژی ئەسڵی ٥٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێرانە و کاولکردنی دارستانێکی چڕوپڕی لێ دەکەوێتەوە.\"

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: \"ئێمە وەکوو ئەنجومەنی سەوزی چیا و بەپێی ئەرکی خۆمان بۆ پاراستنی سروشت، سەبارەت بەم هەوڵە دژە یاسا و حاشاهەڵنەگرە، ناڕازین و هوشداری دەدەین کە ئەم کارە جگە لە کاولکاری و خەساری قەرەبوونەکراو، هیچ ئاکامێکی تری نابێت.\"

دەقی تەواوی ئەم بەیاننامەیە، لە بەشی فارسیی کوردپا دایە.