کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژرا

21:29 - 3 خەرمانان 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، لە سنوورەکانی ئەم شارەدا، گیانی خۆی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی شەممە ٢ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سەلام ئەمینی\"، کوڕی \"محەممەد\"، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەی سنووریی \"نەنوور\"ی ئەم شارستانە، گیانی لەدەست دا.

ئەم کۆڵبەرە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، ڕاستەوخۆ تەقەی لێکراوە. ناوبراو خاوەن منداڵێکی ٣ ساڵەیە و هاوسەرەکەشی دووگیانە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی گەلاوێژ، گرووپێک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی برادۆست سەر بە ورمێ، کەوتنە کەمینی نیزامییانی حکوومەتەوە و تەقەیان لێکرا و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی \"سادق ئەورازی\"، کوڕی \"هارون\"، بەسەختی بریندار بوو.