کۆڵبەرێکی لاو بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، گیانی لەدەست دا

14:56 - 5 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی شاری بانە کە سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێک بە ناوی \"هێمن ساڵحپوور\"، تەمەن ٢١ ساڵ، کوڕی سەلیم، خەڵکی گوندی \"ئاڵوتـ\"ـی سەر بە شاری بانە، لە کاتی کۆڵبەریدا، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، گیانی لەدەست دا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، ڕاستەوخۆ لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، نیشتەجێکراو لە پاسگای سنووریی \" نێوبریتان\"، تەقەی لێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"محەممەد حسێنزادە\"، کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی \"زڵێـ\"ـی سەر بە شاری بانە، بەهۆی تەقەی ڕاستەخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، گیانی لەدەست دا.

ئەم کۆڵبەرە کوردەش، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەست داوە.