"کۆرتە فیلمی "ئەسرین

13:05 - 4 گەلاوێژ 2720

كورته‌ فیلمێكی كوردی (ئه‌سرین) تایبەتە بە ژیانی كۆڵبه‌رانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ماوه‌كه‌ی دوازده‌ خوله‌كه‌. به‌رهه‌می کوردستانی ڕۆژهەڵاته و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی باس له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیانی كۆڵبه‌ران، ئەسرین و ئیحتکارکردنی دەمامک لەلایەن بارزگانەوە، له‌ کوردستانی ڕۆژهەڵات ده‌كات.

ئه‌م كورته‌ فیلمه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ به‌رهه‌مھێندراوە و له‌ شاری مه‌ریوان و هه‌ورامانی کوردستانی ڕۆژهەڵات كاری وێنه‌گرتنی بۆ ئه‌نجام دراوه‌.

لەو پەیوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، وتووژیکی لەگەڵ سامان کەریمی یەکێک لە دەرهێنەرانی ئەو کورتە فیلمە ئەنجام داوە.

ئاژانسی کوردپا: ئامانجتان لە دروستکردنی ئەم کورتە فیلمە چی بوو؟

 سامان کەریمی: بە حوکمی ئەوەیکە خۆم لە شاری مەریوان نیشتەجێم و شارێکی سنوورییە، هەموومان چاومان لە کۆڵبەرانە و بەشێکمان کاری کۆڵبەریمان کردووە، دەبێن خاڵکانێکی زۆر لە سنوور بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکین، کۆڵبەرانیش بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان، چ پێش لە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چ دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ناچارن بژیوی ژیانیان لەو ڕێگایەوە دابین بکەن. ئەم دیادردەیە هەیه و دەمێنێت، مەگەر حکوومەتەکان لە سەر کار لابچن و یان ئەو تووێژەی کۆمەڵگا نەمێنێت، چوون دونیای سەرمایەداری وای لێکردووە، کە تووێژێک بە ناوی کۆڵبەر هەبێت و بازرگانەکانیش بۆ ئەوەیکە شتێکی هەرزانتر دەستیان بکەوێت، لە کۆڵبەر کەڵک وەردەگرن. لە ئەوجی کۆرۆنا دا کۆڵبەرەکان ناتوانن نەچن بۆ کاری کۆڵبەری، چوون کارێکی دیکە نییە و ناچارە کۆڵبەر بۆ بژیوی ژیانی کاری کۆڵبەری یان کۆڵکێشی بە پارەیەکی کەم بکات و هەموو مەترسییەکانیشی لە کاتی هێنانی کۆڵ قەبووڵ دەکات و ئەم سێناریۆیە بەردەوامە، منێکی دەرهێنەر یان ئەکتەر، یان شاعیر و پیکەرتاش، دەبێت لە سەر دیاردەی کۆڵبەری، لە بەرهەمەکانمان، باسی ئەو دیارەییە لەم کۆمەڵگایە بکەین، کە دەنگی ئەو چینە کەم داهاتە، بە جیهان بگەیەنین. بۆیە ئێمەش خۆمان بە بەرپرسیار زانیوە و لەم ڕێگایەوە هەرچەند کورتیش بێت، دەنگی کۆڵبەران بین.

 هۆکاری هەڵبژاردنی ناوی "ئەسرین" بۆ ئەم کورتە فیلمە، لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و بۆ ئەم سووژەیەتان هەڵبژاردووە؟

 دەکرێت بە دوو شێوەی باسی بکەم، پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان و قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی کۆرۆنا، کۆڵبەران سەرەڕای بێکاربوونیان، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە ناوچە سنوورییەکان دەکرد، کە بە پارەیەکی هەرچەند کەمیش بێت لە ڕێگای کۆڵبەری و کۆڵکێشییەوە، بژیوێک بە دەست بهێنن، بیرۆکەی ئەسرین تایبەت بە بنەماڵەیەکی هەژار و دەسکورتی مەریوانییە کە باوکی لە کاتی کیمیابارانی شەڕی ئێران و عێراق تووشی  کیمیاباران بووە و بە دەست نەخۆشی هەناسەبڕکێ دەناڵێنێ، ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە هەم باوک و هەم کوڕە گەورەی ئەو ماڵە، لە شاری مەریوان بە کاری کۆڵبەری و کۆڵکێشییەوە خەریکن. هاوکات ئەسرین کە یەکێک لەئەندامانی ئەم بنەماڵەیە کە تووشی نەخۆشیی بووە و خۆی ژانرێکی کارەساتباری هەیە کە خۆی وەکوو کارەساتێک بە ئەژمار دێت، دروستکردنی ئەم فیلمە و ناولێنانی ئەم فیلمە بە ناوی ئەسرین، ڕاستییەکانی ژیانی زۆرێک لە ئێمەی وێنا کردووە و هەروەها ئەو چیرۆکە دەتوانێ لە تەواوی قۆناغەکانی ژیانی کەسێکدا، بەرچاو بکەوێت. لەلایەکی دیکەوە کاتێک کۆرۆنا بڵاو بووە ئەو دەمامکەی کە  بەستەیەکی١٠٠ دانەی بە ٣ هەزار تمەن بوو، پاش هاتنی کۆرۆنا، ئەو بەستەیە بە ٢٠٠ هەزار تمەن لە بازاڕدا، دەست نەدەکەوت. ماسکی N95 لە بازاڕدا، کە نرخی ٢ هەزار تمەن بوو، قیمەتەکەی بوو بە ١٥٠ هەزار تمەن. دکتورەکان لە شارەکانی ئێران بە گشتیی چەندە ماسکیان هەبوو ئیحتکاریان کرد و شاردوویانەوە و دەوڵەت دەستی گرت بە سەر ماسکەکاندا، ئایا ئەو ماسکانەی کە دەوڵەت دەستی بە سەردا گرت چی لێکرد، بێگومان کە تەحوێڵی خەڵکی نەدا، بەڵکوو فرۆشتی بە بازرگانەکان و بازرگانەکانیش بە شێوەیەک لە سنوورەکان خارجیان کرد یان بە نرخێکی زیاتر بە خەڵکیان فرۆشت، بۆیە ئەم بیرۆکەیە، بوو بە سەرچاوە و ئیلهامی سووژەی ئەم کورتە فیلمەی ئێمە.

بێجگەلە بازرگانەکان، دەستێکی دیکە لە پشت بەرزبوونەوەی نرخی  ماسک و ئیحتکارکردنی هەبووە؟

سامان کەریمی: سەرەتا ئیحتکار کردنی ماسک دوکتورەکان بوون بە تایبەت کە ئەو دکتورانە کە سەرمایەدارنەبوون، بە هۆی ئەوەیکە لە سەرمایەیەکی ٢٠ میلیۆن تمەنی، ئاستی سەرمایەکەیان بەرزبکەنەوە بۆ ڕێژەی ١٠٠ هەتا ٢٠٠ میلیۆن تمەن، بۆیە لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، دوکتورەکان ماسەکانیان شارەدەوە و کە بە نرخێکی بەرز بیفرۆشن بە خەڵک.

بڵابوونەوەی ئەم کورتە فیلمە چەند دەنگدانەوە هەبووە لە سەر ئیحتکار کردنی ماسک، لە ناو کۆمەڵگا؟

هەر چەند ئەم کورتە فیلمە هەتا ئێستا بڵاو نەبووەتەوە، تەنیا بۆ ڤێستیڤاڵە ناوخۆیی و جیهانییەکان نێدراوە، بەڵام وەکوو کاناڵی تۆڕی میدیایی ڕووداو و تێلێڤیزیۆنەکانی دیکە و ماڵپەڕەکان بڵاویان کردووەتەوە، دەنگدانەوەی باشی هەبوو لە ناو خەڵکدا و بە تایبەتی لە شاری مەریوان. بەو هیوایە کە سێبەری دیاردەی کۆڵبەری سێبەری لە سەر کۆمەڵگای کوردستان نەمێنێت یان ئەگەر بمێنێت دەوڵەت پشتیوانیی یان بیمەیان بکات، کە بە دڵنیاییەوە دەڵێم دەوڵەت بەرانبەر بە کۆڵبەران کەمتەرخەمی و پشتیوانییان لێناکات.

سامان کەریمی لە دایکبووی ساڵی ١٣٦٩هەتاوی لە شاری سەقزە و هەنووکە نیشتەجێی شاری مەریوانە و کار و چالاکی خۆی لە بواری هەنەرییەوە لە ساڵی ١٣٨٧، لە شانۆی سەر شەقام دەسپێکردووە و هەتا ئێستا لە بواری شانۆ چەندین خەڵاتی بە دەست هێناوە و ئەمە یەکەم فیلمی ئەو دەرهێنەرە کوردەییە.

 

 

"کۆرتە فیلمی "ئەسرین