سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک لە بەندیخانەی کرماشان جێبەجێ کرا

17:40 - 15 بانەمەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "خەسرەو باباوەلەدینی" خەڵکی گوندی "سەرماج حوسێنخانی" سەر بە شاری هەرسین لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا.

ئەم بەندکراوە ١٠ ساڵ پێش ئێستا لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" بە لەسێدارەدران سزا درا.

خەسرەو باباوەلەدینی نزیکەی ٣٠ ساڵ پێش لە درێژەی شەڕێکدا و کوژرانی کەسێک بە "کوشتنی بەئەنقەست" تۆمەتبار کرا و بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بە شێوەی نهێنی ژیا.

ئەم بەندکراوە تەمەن ٦٥ ساڵەیە، خێزاندار و باوکی چوار منداڵ بووە.

هەتا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی نێوخۆی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.