کوردپا: دەیان کەس لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی‌یانەی کوردستان بریندار و دەسبەسەر کراون

20:54 - 22 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ٢١٨ هاووڵاتی لە ناڕەزایەتییەکانی چەند رۆژی رابردووی شاری مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان، لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەتەوە بریندار و دەسبەسەر کراون.
ئاژانسی کوردپا، بە تەواوی راستی و دروستیی ئەو ئامارانە پژڕاست ناکاتەوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ رۆژ لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد، هەتا ئێستا ئامارێکی ورد و دروست لە دەسبەسەر کراوان و بریندارانی ئەو شارە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، لە بەر دەستدا نییە.

ئاژانسی کوردپا بە پشت بەستن بە هەواڵنێران و لێدوانی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان و بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستانی ئێران، لە راپۆرتێکدا دوایین ئامارە دەستکەوتووەکان بڵاو دەکاتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوڵدەریی کوردپا، پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد لە بارەی مەرگی گوماناوایی کارمەندی هۆتێلێک لەو شارە، ناڕازییان لەگەڵ بەرەنگاریی توندی هێزەکانی یەگانی تایبەت بەرەوڕووبوونەوە و لە ئەنجامدا دەیان کەس لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.

هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی کوردستان وەکوو سەردەشت و سنە، بە رێژەیەکی کەمتر، بەرەوڕووی دەسبەسەرکران و بەرەنگاریی توندی فیزیکیی نیزامییان و ناوەندە ئەمنیەتییەکان بوونەتەوە.

هێزەکانی \'\'یەگانی سەرکوت\'\' لە مەهاباد بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لە ناڕازییان کردبوو.

بارودۆخی تەندورستیی بەشێک لە برینداران نالەبار راگەیەنراوە. ژمارەیەکی بەرچاو لە برینداران زیاتر لە ٤٠ ساچمەیان بەرکەوتووە.

برینداران زیاتر بە چەکی تاپڕی ساچمەیی، گازی فرمێسک هێنەر و لێدانی باتۆم، بریندار بوون.

شایەتحاڵان بە ئاژانسی هەواڵدەیی \'\'کوردپا\'\'یان وتووە: \'\'بەهۆی زۆریی گوللە ساچمەیی‌یەکانەوە هەندێک لە برینداران زیاتر لە ٤٠ ساچمەیان بەر کەوتووە\'\'.

ئاماری ورد و بەڵگەمەندی لەسەدا ٣٠ی دەسبەسەرکراوان و بریندارانی ئەم دوایی‌یانەی کوردستان لە دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دایە، بەڵام بە سەرنجدان بە ویستی بەشێک زۆر لە بنەماڵەکانیان، ناسنامەیان دەپارێزرێ و بڵاو ناکرێتەوە.

پێشتر ناسنامەی ژمارەیەک لەو بریندار و دەسبەسەرکراوانە لە میدیاکاندا بڵاو کرابووەوە کە رۆربەیان پژڕاست نەکراونەتەوە.
\"26524.jpg\"

هەنووکە دۆخی زاڵی پۆلیسی و ئەمنیەتی لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، ئیمکانی بەدواداچوونی ورد و دروستی بۆ دۆخی دەسبەسەرکراوان و برینداران بۆ راپۆرتێرانی نامومکین کردووە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد، ئامادەنەبوون بۆ چارەسەریی پزیشکی، سەردانی ناوەندی دەرمانی و تەندروستییەکان بکەن.

دایکی یەکێک لە برینداران بە هەوڵنێری کوردپای وتووە: \'\'پاش گەڕانەوەی کورەکەم بۆ ماڵەوە، خێرا بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکان رامانگواست، بەڵام پێش رۆیشتن بەهۆی دۆخی ئەمنیەتیی زاڵ بەسەر ئەو ناوەندە، بە ناچار لە ماڵەوە کاری برینپێچانمان بۆ کوڕەکەمان ئەنجام دا\'\'.

دایکی ئەو لاوە مەهابادییە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: رێژەی برینی کوڕەکەم هێندە قووڵ نەبوو و چەند رۆژ پاش ناڕەزایەتییەکان لە یەکێک لە ناوەندەکانی برین‌پێچانی تایبەتی دەرمان کراوە.

بارودۆخی یەکێک لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکان بەناوی \'\'ئاکام تەلاج\'\' نالەبار راگەیەنراوە.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی مەهابادی لەهەمبەر مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی، بە دەستێوەردانی هێزەکانی حکوومەت بەرەو توندوتیژی کێشرا.

هاووڵاتییانی مەهابادی لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، خوازیاری دادگایی کردنی دەست و پێوەندییەکانی مەرگی فەریناز خوسرەوانی بوون.

ئەم کۆبوونەوە بە شێوەی هێمنانە دەستی پێ کردبوو کە بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکان و دەستێوەردان و هەروەها هەوڵی بڵاوە پێدانی ناڕازییان توندوتیژیی لێکەوتەوە.

هەواڵی پێوەندیدار:

ماڵپەڕی پشتیوانانی ویلایەت (حامیان ولایت) ناڕەزایەتییەکانی مەهابادی خستە ئەستۆی عەرەبستان

کوردستان لە شڵەژان دایە/ دەنگی تەقە لە مەریوان و شنۆ بیستراوە + تەکمیلی

دوایین هەواڵەکان لە نائارامییەکانی کوردستان/ دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە مەهاباد بەردەوامە

هەواڵەکان باس لە تەشەنەی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بۆ شارەکانی دیکە کوردستان دەکەن

رەتکردنەوە/ دەفتەری رۆحانی لەبارەی رووداوەکانی ئەمڕۆی مەهابادەوە هیچ بەیاننامەیەکی بڵاو نەکردووەتەوە

ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بەهۆی دەستێوەردانی هێزە نیزامییەکان، توندوتیژیی لێکەوتەوە+ تەکمیلی