کورد و ١١یەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلسی ئێران

09:55 - 23 رێبەندان 2719

سەرەتای مانگی داهاتوو (٢ی ڕەشەممە) ١١یەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیس لە ئێران، بەرێوە دەچێت. هەتا ئێستا زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراو، هەڵویستی خۆیان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی مەجلیس دەربڕیوە، کە زۆربەی ئەو ڕێکخراوانە، سیاسەتی بایکوت و داوای نەچوونە سەر سەندووقی دەنگدانیان لە هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتییە سیاسییەکان و چەند کەسایەتیی  دیکە چەند وتووژێکی پێک هێناوە، کە سرنجی خوێنەرانی ئاژانسی کوردپا بۆ ئەم وتووێژانە ڕادەکێشین.

سێیەم وتووێژی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ "ناهید حوسێنی" لێکۆڵەر لە کاروباری ژنان و بارهێنان.

ئاژانسی کوردپا: بە لەبەرچاوگرتنی رووداوەکانی سێ  مانگی ڕابردوو لە ئێران، بەشداریی خەڵکی لە یازدەیەمین خولی مەجلیس چۆن دەبێنی؟

ناهید حوسێنی: رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤ دەیە، توانیویەتی بە کەڵکوەرگرتن لە بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان، ڕەواییدان بۆ خۆی لە ناوخۆ و دەرەوە بکڕێت. راستییەکەی ئەوەی کە ڕێژێم خەڵک بۆ دوو بژاردە ئامادە دەکات؛ خراپ و خراپتر. ئەوان هیچ ڕێگەچارەیەکیان جگەلە هەڵبژاردن بژاردی خراب نییە، لەو ڕاستایەدا، ڕۆڵی ڕووناکبیرەکان و هێزە پروپاگەندە چییەکانی ڕێژیم نابێت لەبەرچاو نەگرین، هەروەها لە هەر دەورەیەک سەرکۆمارێکی جەنجاڵی بۆ تەنوور گەرمکردنی بازاری هەڵبژاردن هێناوەتە گۆڕەپان. دەبێت بڵێم خەڵکی ئەو دەرفەتەیان لەبەردەستی ڕێژیم داناوە هەتا شایەت چاوەڕێی گۆڕانکاریی  هەنگاو بە هەنگاو لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران بن، بەڵام هەر جارە ڕێژیم هەوڵی داوە بە دانی پارە بەو کەسانەی کە دەنگ دەدەن و گەورەکردنەوەی پرسی شەڕ و فەقیرنیشان دانی خۆیان بە کوشتنی قاسم سلێمانی، خەڵکی دووبارە بهێنەوە گۆرەپان، بە بڕوای من ئەمجار لەگەڵ جارەکانی دیکە هەڵبژاردن جیاوازە و بازاری هەڵبژاردن گەرم نابێت بە بەشداریی کەمی خەڵکی ئەو پرۆسەیە کۆتایی پێدەێت.

 ئاژانسی کوردپا: پاش٤٠ ساڵ هێشتا زۆر خاڵهی یاسای بنه‌ڕه‌یت و یه‌ك له‌وان به‌ندی ١٥، هه‌روه‌ها به‌ندی ١٩ی ئه‌و یاسایه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. ئایا حكوومه‌ت بۆ راكێشانی خه‌ڵك بۆ سه‌ر سندووق ئه‌و ئیستفاده‌یه‌ ده‌كا كه‌ له‌ رێگه‌ی هه‌ندێ كاندیده‌وه‌ باس له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵه‌ پشتگوێخراوانه‌ بكات؟

ناهید حوسێنی: لە ماهیەتی ئەم ڕێژیمەدا نە یاسا لەبەرچاو دەگیردرێت و نە گوێ لە داخوازییەکانی خەڵکی دەگیردرێت. دەیان جار بەڵێن دەدەن کە ئەو دوو مادەیە جێبەجێ بکەن، بەڵام بەڵێنەکەیان جێبەجێ ناکەن، تەنانەت ئەگەر دووبارە بارهێنان بە زمانی دایکی بخرێنە  بەرباس، نابێت باوەڕ بکەن چوون نە ئەو کارە دەکەن و نە باوەڕیان بە لابردنی هەڵاواردن هەیە.

ئاژانسی کوردپا: له‌م دۆخه‌ سیاسییه‌دا، حكوومه‌ت چ رێكارێك ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ به‌شداریكردنی به‌رفراوانی خه‌ڵك؟ ئایا بۆی گرنگه‌ به‌شداریی به‌رچاوی خه‌ڵك له‌م ده‌وره‌یه‌دا؟

ناهید حوسێنی: ئەگەر هەیە بەڵێن لەباری ئابوورییەوە بدەن، ئەگەری هەیە بە پارە دەنگەکان بکڕن، دووبارە باس لە شەڕ بکەن و داوای پشتیوانی لە خەڵک بکەن، لەلایەکی دیکەوە ئامادە نین شێوەی ژماردنی دەنگەکان ئیلیکترۆنی بکەن. دەیانهەوێ دەستیان بۆ ساختەکاری ئاوەڵا بێت، بەڵام هەر کارێک بکەن، ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیی لێ ناکرێت.