کرێکارێکی سەردەشتی لە بینایەکی نیوەکارەدا کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا

15:05 - 23 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، لە کاتی کار لە بینایەکی نیوەکارەدا کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی جۆزەردان، کرێکارێکی بیناسازی بە ناوی \"مەحموود عەزیزی\"، کوڕی عەلی، تەمەن ٤٦ ساڵ، خەڵکی گوندی \"بێتووشـ\"ـی شاری سەردەشت، لە بینایەکی سێ نهۆمی، لە کاتی کارکردندا بەربووەوە و گیانی لەدەست دا.

\"\"ئەم کرێکارە کوردە، لە ئەنجامی بەربوونەوە لەم بەرزاییەدا و بە هۆی زەبرگەیشتن بە مێشک و سییەکانی، گیانی لەدەست داوە. ئەم کرێکارە، خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە.

کرێکارانی بیناسازی، زیاتر لە هەموو کرێکارانی دیکە لە ئێراندا، تووشی ڕووداوی کار دەبن و زۆرترین ئاماری قوربانیانی ڕووداوی کار، کرێکارانی بیناسازی لەبەر دەگرێت و سەدان هەزار کەسیش لەم توێژە لە خزمەتگوزاریی دەرمانی و بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، بێبەشن.

بە هۆی نەبوونی ئەمنییەت لە شوێنی کار و کەمتەرخەمیی خاوەنکار لەمەڕ پاراستنی گیانی کرێکاران، ساڵانە دەیان کرێکاری کورد دەبنە قوربانیی ڕووداوەکانی کار.