کاسبکارێکی کورد بۆ هۆی ڕاودوونانی لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان گیانی لە دەست دا

14:39 - 25 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، دوابەدوای ڕاودوونانی لە لایەن هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە وەرگەڕاوەتەوە، کە بە هۆیەوە ئەم کاسبکارە کوردە گیانی لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٥ی سەرماوەز، ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد، به ناوی ڕەحمان ڕەسووڵی (قەرەچۆم)، تەمەن ٣١ ساڵ، کوڕی حەسەن، خەڵکی مەهاباد، لە ئاکامی ڕاودوونانی لە لایەن نیزامییە حکوومەتییەکانەوە وەرگەڕاوەتەوە و ناوبراو دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەم کاسبکارە کوردە بۆ نەخۆشخانەی مەهاباد گوازراوەتەوە و دواتر ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەم کاسبکارە کوردە به گومانی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ، هێزە نیزامییەکان بە دوایەوە بوون.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگاوبانەکانی کوردستانی ئێراندا، به بیانووی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان ڕاو دەنێن و تەقەیان لێ دەکەن، که ئەمە زۆربەی جارەکان کوژرانی هاوووڵاتییە کوردەکانی لێ کەوتووەتەوە، که لەم نێوانەشدا هیچ ناوەندێکی یاسایی و فەرمی وڵامدەری کردەوە نایاسایییەکانی ئەم هێزانە نین.