ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان چوار زیندانی سیاسی کوردی لەژێر ناوی\"بێسەروشوێنکردنی بەئەنقەست و ئامانجدار\" بە فەرمی ناساند

15:33 - 27 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: کارگرووپی لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی بەئەنقەست، یان نەخوازراو ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بێسەروشوێنبوونی چوار زیندانی سیاسی کوردی، لەژێر ناوی \"بێسەروشوێنکردنی بەئەنقەست و ئامانجدار\" بە فەرمی ناساند.

کارگرووپی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ یان نەخوازراوی \"شیرین عەلەم هوولی\"، \"عەلی حەیدەریان\"، \"فەرهاد وەکیڵی\" و \"فەرزاد کەمانگەر\"، وەکوو بێسەرشوێنکراوانی بە ئەنقەست و ئامانجدار ناساند و لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی حکوومەتی، خوازیاری ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ئەوان و شوێنی بە خاکسپاردنیانی کردووە.

ڕێکخراوی \"دادپەروەری بۆ ئێران\" لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە: \"بەفەرمی ناساندنی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە وەکوو بێسەروشوێنکرانی بە ئەنقەست و ئامانجدار، یاسای نێونەتەوەیی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت و بە مافی بنەماڵەکانی ئەو چوار زیندانییە کوردە، دەزانێ کە ڕاستییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی بەخاکسپاردنی ئەوان بە بنەماڵەکانیان ڕابگەیێنێت.

لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییەوە، بێسەروشوێنکرانی بەئەنقەست، پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤە و بە تاوانێکی نێونەتەوەیی بە ئەژمار دێت و هەتا کاتێک کەسی بێسەروشوێن نەدۆزرایەوە، یان چارەنووسی بە تەواوەتی ڕوون نەبووەتەوە، سەرەڕای تێپەرێنی چەندین ساڵ، تێپەڕینی کات کرایگەریی لە سەر دۆسییەکەی نابێت.