ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: لە ئێراندا ٢٦٧ کەس لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە ئێعدام کراون

12:31 - 11 خاکەلێوه 2721

ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سێزدەهەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە ئێعدامەکان لە ئێراندا بڵاوی کردووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، سەرەڕای گشتگیربوونی  ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی پرۆتۆکۆلەکانی تەندروستی، ٢٦٧ کەس ئێعدام کراون.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، ئێران تەنیا وڵاتێک بووە کە درێژەی بە ئێعدامی مێرمنداڵانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ (کودک ــ مجرم) داوە و هەروەها بۆ سەرکوتی ناڕازییان، کەمینە نەتەوەییەکان و ڕۆژنامەوانان، سزای "ئێعدامـ"ـیانی بۆ دیاری کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، نزیک ٦٦ لەسەدی ئێعدامەکان (١٧٦ حاڵەتی ئێعدام)، بە شێوەی فەرمی ڕانەگەیەندراوە و تەنیا ٣٤ لەسەدی ئێعدامەکان (٩١ حاڵەتی ئێعدام) بە فەرمی میدیایی کراون.

هەروەها بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، لانیکەم ٤ مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ (کودک ــ مجرم) و لانیکەم ٩ ژن لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە ئێعدام کراون.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو لەحاڵێکدایە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە بە بەڕێوەبردنی کەمپەینی دژی ئێعدام (# اعدام_نکنید) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕێژەی لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکان بەنیسبەت حوکمی قیساسی بکوژەکان لە حاڵەتەکانی کوشتنی بەئەنقەست، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.