ڕاگواستنی سێ زیندانیی سیاسی بۆ زیندانی ورمێ

14:46 - 26 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ کەس لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوازران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ کەس لە زیندانیانی سیاسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە ناوەکانی \"محەممەد نەزەری\" خەڵکی سایین قەڵا، \"عومەر فەقیهـ پوور\" و \"خالید فەرەیدوونی\" خەڵکی مەهاباد بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوازراون. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج وێڕای تەئیدی ئەو هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"هۆکاری ڕاگواستنی لەناکاوی ئەو سێ زیندانییە سیاسییە کوردە ناڕوونە\".

محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسی کورد خەڵکی سایین قەڵا ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ بە تۆمەتی \"لایەنگری و پڕۆپاگەندا بۆ حیزبێکی کوردی دژبەری ئێران\" لە لایەن سپای ئەبووزەری بۆکان دەستبەسەر کرا و دواتر بێ بوونی پارێزەر لە دادگا بە سەرۆکایەتی قازی جەلیل زاده سەرۆکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە ئێعدام مەحکووم کرا.

حوکمی ئەو هاووڵاتییە کورده لە ساڵی ٧٨ی هەتاوی، بە پلەیەک داشکاندن بە زیندانی هەتاهەتایی کەم بووە.

عومەر فەقیهـ پوور تەمەن ٥٠ سالە کوڕی ڕەسووڵ وێڕای خالید فەرەیدوونی ١٠ی خەرمانانی ٧٩ لە شاری مەهاباد بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و به ئێعدام مەحکووم کرا و ساڵی ٨٤ ئەو حوکمە بە زیندانی هەتا هەتایی گۆڕدرا. ئەو دوو زیندانییە کوردە ١٢ی سەرماوەزی ساڵی ٨٦ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوازران و تا ئێستا لە مافی مەرەخەسی بێبەشن.