چالاکێکی مەزهەبی بانگهێشتی لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە کرا

14:38 - 2 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەزهەبی کورد خەڵکی شاری سنە، بانگهێشتی لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژئانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆسیەی هاشم حوسێن‌پەناهی، چالاکی مەزهەبی کورد بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام و تێکدانی بیڕوڕای گشتیی\" ڕەوانەی لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە کرا و ناوبراو بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی بانگهێشتی ئەو لقە کرا.

ئەو چالاکە مەزهەبییە بۆ کاتژمێر ١٠ی بەیانی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەممەی ئەمساڵ،بانگهێشتی ئەو دادگایە کراوە.

پێشتر، هاشم حوسین‌پەناهی، بانگهێشتی لقی دووی لێپرسی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی شاری سنە کرا و بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام و تێکدانی بیڕوڕای گشتیی\" لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانانی ئەمساڵ، ئەم چالاکە مەزهەبییە کوردە بەپێی بانگهێشتنامەیەک، خۆی بە دادگای رۆحانییەتی شاری هەمەدان ناساند و تاوانەکەیان کە تۆمەتی \"چالاکی دژی نیزام و تێکدانی بیروڕای گشتیی\"، بووە، پێیان ڕاگەیاندوون.

ئەم چالاکە ملی مەزهەبییە، دوای بەشداری کردنی لە رێوڕەسمی سەرەخۆشیی ڕامین حوسێن پەناهی و پێشکەش کردنی چەند وتەیەک لەو مەراسمەدا، ئیدارەی گشتی ئیتڵاعاتی کوردستان، سکاڵایەکی لەسەر تۆمار کردووە و ڕایگەیاندووە کە هاشم حوسێن پەناهی بەم کارە، هەستاوە بە ئەنجام دانی چالاکی بە دژی نیزام و تێکدانی بیروڕای گشتی.

دوای ئاشکراکردنی ئەم تۆمەتە بۆ ئەم چالاکە کوردە، ناوبراو بە بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن ڕیاڵی و ناساندنی کەفیلێک ئازاد کراوە.

مەکتەب قورعانی کوردستان، جووڵانەوەیەکی ئاینییە لە ناوچە کوردنشینە سوننەکان، کە پێکهاتووە لە قوتابیان و شوێنکەوتووانی ئەحمەد موفتی زادە و لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی و ئابووریدا چالاکییان هەیە.

\"\"