چالاکێکی دیکەی کرێکاری لە سنە دەستبەسەر کرا

18:56 - 30 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چالاکێکی دێکەی کڕێکارییان لە شاری سنە دەستبەسەر کرد.

ماڵپەڕی \"کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکان\" بڵاوی کردەوە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٩ی رەشەمە \"سەید غالب حوسێنی\" لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە پێشتریش لە بەرەبەری ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژناندا و دوای دەستبەسەر کرانی ٦ چالاکی کرێکاری بەناوەکانی \"بێهزاد فەرەجوڵاهی، وەفا قادری، سەید خالید حوسێنی، حامید مەحموود نژاد، عەلی ئازادی، و شەریف ساعید پەنا\" لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوو.

\"11661.jpg\"
هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەشەمە کۆمەڵێک لە بنەماڵەی چالاکانی کرێکاریی دەستبەسەر کراو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستبەسەر کرانی رۆڵەکانیان، لە بەر دەم ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کۆبوونەتەوە و سەرەڕای ئەوە کە بڕیار بوو کەسێکیان وەک نوێنەری ئەو بنەماڵانە چاوی بە \"ئوستاندار\"ی سنە بکەوەێت، بەڵام لە کاتی سەردانی بۆ ئوستانداری، پێێان راگەیاندبوون کە \"ئوستاندار لێرە نییە و پێویستە پەروەندەکان رەوتی یاسایی خۆیان بپێون\".