پەیامی سەرەخۆشی باوکی مافی مرۆڤی کوردستان بۆ خەڵکی کرماشان و کوردستان

13:27 - 24 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد سدیق کەبوودوەند، چالاکی مافی مرۆڤ و بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە پەیامێکدا بۆ بەجێماوانی و بەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە و خەڵکی کرماشان و کوردستان سەرەخۆشی خۆی ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد سدیق کەبوودوەند، چالاکی مافی مرۆڤی کورد و بەرپرسی ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی خۆی بۆ خەڵکی کرماشان و کوردستان دەربڕی.

دەقی تەواوی ئەو پەیامە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەی خوارەوەیە

سەرەخۆشی لە خەڵکی کرماشان و کوردستان دەکەم

بەداخێکی گرانەوە ڕۆژانی ڕابردوو لە ئەنجامی بوومەلەزرەیەکی گەورە لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، نزیکەی٥٣٠ هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و پتر لە ٧ هەزار و ٤٠٠ هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.

بە بۆنەی ئەم کارەساتە خەمناک و دڵتەزێنە، بە دڵ و ویژدانێکی بریندارەوە سەرەخۆشی لە کەسوکاری گیان لەدەستداوان و لێقەوماوانی ناوچەکانی کرماشان و هەڵەبجە و خەڵکانی ڕۆژهەڵات و باشوور دەکەم. خۆم بە هاودەرد و هاودڵی هاووڵاتییانی لێقەوماو و زیان لێکەوتووان دەزانم و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ لەش برینداران و دڵ بریندارانی ئەو ڕووداوە خەمناکە دەخوازم.

محەممەدسدیق کەبوودوەند
بەرواری ٢٣ خەزەڵوەری ٢٧١٧