پێڕانەگەیشتنی دەرمانی لە زیندانی ورمێ، گیانی سێ زیندانیی ئەستاند

14:42 - 21 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ زیندانیی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بە هۆی پێڕانەگەیشتنی دەوا و دەرمان و بەڕێ نەکردنیان بۆ نەخۆشخانە لە دەرەوەی زیندان گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سێ زیندانیی لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ، بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی جۆراوجۆر و بەڕێ نەکردنیان بۆ دەرەوەی زیندان بۆ چارەسەری پزیشکی، لە زیندانی ئەو شارە گیانیان لەدەست دا.

شوناسی ئەو سێ زیندانییە بە ناوەکانی، غوڵامرەزا تووبراق قەڵا، ڕەزامەلەک ڕەزایی و سەجاد جەماڵی‌فەرد\" ڕاگەیەندراوە.

ئەو سێ زیندانییە بە تۆمەتی پەیوەندییدار بە \"مەشرووباتی ئەلکولی\" لە زینداندا بوون.

پێشتر لەو پەیوەندییەدا، زیندانییەکی کورد، بە ناوی \"مەولوود وەنەوشە\"، خەڵکی شاری مەهاباد بە هۆی \"پێڕانەگەیشتنی پزیشکی\"، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

\"ئەو زیندانییە کوردە، لە زینداندا، تووشی نەخۆشیی ڕیخۆڵە بووە، بە هۆی پێڕانەگەیشتن و هەڵەی پزیشکی و نەناردنی بۆ نەخۆشخانە لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، گیانی لەدەست داوە\".

لە ماوەی سەرەتای ئەمساڵدا، ئەمە پێنجەمین زیندانییە بە هۆی پێڕانەگەیشتن و بەڕێ نەکردنیان بۆ دەرەوەی زیندان بۆ چارەسەریی پزیشکی گیانیان لەدەست داوە.