هەڵەی پزیشکی، دیسان قوربانیی لێکەوتەوە

15:24 - 2 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی لە شاری بانە، دایکێک لە نازی کوڕەکەی بێبەری بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١ی گەلاوێژ، ژنێکی دووگیان لە کاتی ژانگرتن، سەردانی نەخۆشخانەی \"ڕازیـ\"ـی شاری بانەی کردبوو و بەهۆی ناشارەزایی کادرە دەرمانییەکانی ئەو نەخۆشخانەیە، کۆرپەڵەکەی گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی ڕازیی شاری بانە، ڕایانگەیاندووە کە ئەو ژنە لە نەخۆشخانە خۆی منداڵەکەی لەباربردووە و هەڵە پزیشکییەکانیان ڕەت کردووەتەوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە زاری بنەماڵەی \"خۆشدڵ\" ڕاگەیاند: \"ئەو بنەماڵەیە دەڵێن لە کاتی ژانگرتنی ئەو ژنە، سەردانی نەخۆشخانە دەکەن، بەهۆی ناشارەزایی کادرە دەرمانییەکانەوە لە کاتی چاودێریکردنی ئەو ژنە، کۆرپەڵەکەی گیانی لەدەست داوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو بنەماڵەیە وتوویانە، لەسەر کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی ڕازی، سکاڵا تۆمار دەکەین و ئەوانیان بە هۆکاری مردنی منداڵەکەیان زانیوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد: \"بنەماڵەی خۆشدڵ داوایان لە بەرپرسی تۆڕی بێهداشتی شاری بانە کردووە کە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوە بکرێت\".

لە ئێراندا زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێت، بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار دۆسیە، لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.

بە وتەی بەرپرسانی حکوومەت، زۆرترین سکاڵاکان لە هەڵەی پزیشکی تایبەت بە بەشی \"ژنان و زایمان\" بووە.