هاووڵاتییەکی خەڵکی مەرگەوەڕ، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا

16:09 - 27 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کورد بە ناوی \"مەجید تیباش\"، کوڕی خالید، خەڵکی گوندی \"دزەی\" مەڕگەوەڕی ورمێ، ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی پووشپەڕ، لە لایەن مەئموورانی دەزگای قەزایی دەسبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ گواسترایەوە.

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، لقی سێی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتیی \"نەجەفی\"، \"مەجید تیباشـ\"ـی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون و چالاکیی تەبلیغی لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، مەحکووم کردبوو.

ناوبراو سەبارەت بەو حوکمە، ناڕەزایەتیی دەربڕێبوو و ئەم حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٤ ساڵ کەم کرایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ٩٧، \"مەجید تیباش\" پاش تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکەی، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ئەو لاوە کوردە، ٥ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، دەسبەسەر کرا.

لەم پەیوەندییەدا، ساڵی ٩١ی هەتاوی، ئەم لاوە کوردە لەسەر بڕیاری حیراسەتی زانکۆی عیلمی- کاربوردیی شاری ورمێ، بەهۆی ئەوەیکە لەسەر لەبتابەکەی وێنەی ئاڵای کوردستانی دانابوو و هەروەها ئەو وێنەیەی لە کۆنفڕانسێکی زانستیدا لەسەر پرۆژکتور پێشان دابوو، لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کرا.

هەروەها ساڵی ٩٢ی هەتاوی، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک لە گرتنگە ئازاد کرا.