٩ هاووڵاتیی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری لەوەڕگەکانی \"مەشجەر\"ی پاوەدا، بریندار بوون

15:45 - 22 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ٩ هاووڵاتی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری لەوەڕگەکانی لێڕەواری \"مەشجەر\" لە نزیک شاری پاوەدا، بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی گەلاوێژ، دەیان هێکتار لە لەوەڕگەکانی \"مەشجەر\"، لە داوێنی باشووری شاخی شاهۆ، لە نزیک شاری پاوەدا، تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون.

ئەم ئاگرە بە هاوکاریی ئەندامانی ئەنجومەنی \"ژیوای پاوە\" و خەڵک کۆنترۆڵ کرا و ٩ کەس لە هاووڵاتییان لە شارەکانی \"پاوە، دووریسان و چورژێ\"، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بریندار بوون کە دواتر لە نەخۆشخانەی شاری پاوەدا، خزمەتگوزاریی پزیشکییان بۆ ئەنجام درا.

\"\"ئەنجومەنی \"ژیوای پاوە\"، سەبارەت بە ڕێژەی ئەو خەسارەی کە بە لەوەڕگەکانی \"مەشجەر\" گەیشتووە، ڕایگەیاند: \"لێژایی شوێنەکە، هەڵکردنی با و کەمتەرخەمیی بەرپرسان وای کرد کە پاش ١٠ کاتژمێر، ڕووبەرێکی بەرین لە سەرچاوە سرووشتییەکانی پاوە (وێمیر، دووریسان، درەنیشە، چورژێ) لەنێو بچێت کە بەراوردی ڕووبەر و ڕێژەی خەسارەکان پێویستی بە کارناسیی ڕێکوپێک و ورد هەیە\".

ئەم ئەنجومەنە ژینگەپارێزییە، جەختی کردووەتەوە کە نابەرپرسایەتی و ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم خەسارێکی ئێجگار زۆری بە ژینگەی زاگرۆس گەیاندووە و ئەم ڕەوتە درێژەی هەیە.