ناوەندی فەرهەنگیی کرمانج لەورمێ، سەرکوتی هاووڵاتییانی لە مەریوان مەحکووم کرد

15:48 - 29 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: ناوەندێکی فەرهەنگی ئەدەبی لە شاری ورمێ، لە پەیوەندی لەگەڵ رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی شاری مەریوان، نامەیەکی ناڕەزایەتییان بڵاو کردەوە.

ناوەندی فەرهەنگی – ئەدەبیی کرمانج لە نامەیەدا خوازیاری شناسایی و سزا دانی بەڕێوەبەران و ئەنجامدەرانی بڕیاری دادگا سەبارەت بە لەبەر کردنی جلوبەرگی ژنانەی کوردی بۆ کەسێکی تاوانبار لە شاری مەریوان بوون.

\"12077.jpg\"
نوسخەیەک لەو نامەیە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە کە لێرەدا وەک خۆی بلاو دەکرێتەوە:

خەڵکی بە ویژدانی کوردستان!
هاوڵاتیانی رێزدار!

ژن، چینێکی مەزلووم و چەوساوەیە لە کۆمەڵگەی ئێران. ئەگەر ژن نەبێ، ژیانیش نابێ. بەبێ ژن، ژینیش واتەیەکی نامێنێ. ژن، بایەخی کۆمەڵگایە.

وەک چۆن دەزانین، لە چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەجبوور کردنی تاوانبارێک بۆ لەبەرکردنی جلی کوردیی ژنانە و دواتریش گەڕاندنی بە نێو شاردا، بێ رێزیان کرد لە بەرامبەر جلی کوردی و لەسەرووی ئەویشەوە بێ‌رێزی بوو بەرامبەر بە ژنی کورد. کە وابوو، پێیان وایە، ئەو جلە، بۆ بێ‌رێزیکرن بە تاوانباران باشە و دەتوانرێ بۆ سزادانی تاوانباران، لە جلی ژنانەی کوردی، کەڵک وەربگیردرێ؟!

\"12078.jpg\"
ئێمە وەکوو ناوەندی فەرهەنگی و ئەدەبیی کورمانج لە زانکۆکانی ئۆرمیە، ئەو کارە، بە دژی کورد دەزانین و لەگەڵ شەرمەزارکردنی ئەو کارە ناشیاوە، داواکاریمان هەیە ئەنجامدەرانی، سزا بدرێن و لەوە بەدواش، تاوانی دژی کورد و لەسەرووی ئەو، لەدژی ژنی کورد ئەنجام نەدرێ. راستە کە ئیرادەی نەتەوەی کورد، بەو کارە، تێک نادرێ، بەڵام پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو کارە ناشیاوە، سزا بدرێن.

ناوەندی فەرهەنگی و ئەدەبیی کورمانج لە زانکۆکانی ئۆرمیە
٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی