مێرمنداڵێکی کرماشانی بە یارمەتی خێرخوازان لە سێدارە ڕزگار بوو

17:04 - 14 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: خێرخوازانی کرماشانی مێرمنداڵێکی کوردیان کە بە تاوانی \"قیساس\" لە زینداندا بوو لە سێدارە ڕزگاریان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، میلاد عەزیمی کوڕی محەممەدئیبراهیم خەڵکی شاری کرماشان لە سێدارە ڕزگار کرا.

دانش پەروەر، بەرپرسی \" جمعیت امام علی کرماشان\" لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە گوتی: بە خۆشییەوە بڕە پارەی پێویست بۆ ڕزگار کردنی میلاد لە ئێعدام بە یارمەتی خێرخوازان کۆ کرایەوە و دوای تێپەڕاندنی قۆناغە ئیداری و یاساییەکان ڕادەستی بنەماڵەی کوژراو دەکرێت.

ناوبراو راگەیاند: پاش کۆتایی قۆناغە ئیداری و یاساییەکان میلاد لە زیندان ئازاد دەکرێت.

ئەو مێرمنداڵە کوردە ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ٩٢ی هەتاوی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە شەڕ لەگەڵ قوتابییانی شارەکی ڕوودەکی بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\"، لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە دەسبەسەر کرابوو.

\"میلاد\" ڕێکەوتی ٣٠ی سەرەماوەزی ١٣٧٤ لە دایک بووە و کاتێک ئەو تاوانەی ئەنجام داوە، تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووه.

ناوبراو لە ڕەوتی دادگاییکردنیدا دانی بە کوشتنی هاوپۆلییەکەی خۆیدا هێناوە. بەڵام لە دادگادا وتوویەتی؛ من لە ژێر گوشاردا دانم بەو تاوانە داناوە. ئەو زیندانییە لە کۆتاییدا لە لقی یەکی دادگای کەیفەریی کرماشان بە تاوانی \"کوشتنی بەئەنقەست\" مەحکووم کرا و لقی ١٧ی دیوانی باڵای وڵات ئەو بڕیارەی پەسەند کرد.

میلاد دوای دادگایی کردنی و بڕانەوەی حوکمەکەی هەتا تەمەنی ١٨ ساڵی بۆ ناوەندی ئیسلاح و تەربیەت ڕاگوێزرا. دواتر بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ڕاگوێزراوە.

پێشتر، دایکی میلاد باسی لەوە کردبوو، \"ئێمە بۆ نەجاتی گیانی کوڕەکەمان سەرەڕای ئەوەی کە دار و نەدارمان فرۆشت، بە یارمەتیی خێرخوازان بڕی ١٥٠ میلیۆن تمەنمان کۆ کردەوە. هەروەها کۆمەڵەی ئیمام عەلی بڕی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ کۆ کردینەوە؛ بەڵام بنەماڵەی کوژراوەکه داوای ٢٠٠ میلیۆن تمەنی دیکە دەکەن و بنەماڵەکەی پێیان ڕاگەیاندووین، ئەگەر ئەو بڕه پارەیه جێبەجێ نەکەن بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەدەن\".