\"محەمەد ژیان موفتی‌زادە\"، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بانگهێشت کرا

21:48 - 27 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەندامانی مەکتەب قورئانی کوردستان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٥ی جۆزەردان، \"محەمەد ژیان موفتی‌زادە\"، کوڕی \"ئەحمەد موفتی‌زادە\"، لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمیی ئیدارەی دادگوستەریی شاری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

شۆرای بەڕێوەبەریی مەکتەب قورئانی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هێزە ئیتلاعاتییەکان بە \"محەمەد ژیانیان\" ڕاگەیاندووە: \"سێخوڕە نێونەتەوەییەکان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت، سەردانی ماڵی ئەحمەد موفتی‌زادە دەکەن.\"

ئەو شۆرایە لەو بەیاننامەیەدا ئەو تۆمەتانەی بە بێبنەما زانیوە و ڕایگەیاندووە: \"سیخوڕەکانی سرویسە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی دەرەکی، بۆ دەبێ سەردانی ئەو ماڵە بکەن لە کاتێکدا کە خەڵک لەسەر بابەتەکانی تەڵاق و میرات و... پێویستیان بە وڵامە شەرعییەکانە و سەردانی ئەو ماڵە دەکەن.\"

\"ئەحمەد موفتی‌زادە\"، ئیسلام‌ناس و زانای سوننی مەزهەب، لە ساڵی ١٣١١ی هەتاوی لە شاری سنەدا لەدایک بووە و لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاویدا، مەکتەب قورئانی دامەزراند.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاش ١٠ ساڵ زیندانی، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٧١ی هەتاویدا کۆچی دوایی کرد.