مامۆستایەکی مەریوانی بە کەفاڵەت ئازاد کرا

14:32 - 23 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سێنفیی مامۆستایانی شاری مەریوان، بە کەفاڵەت ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی جۆزەردان، \"ئەسکەندەر لوتفی\"، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی شاری مەریوان و لێکۆڵەری شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران، لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی شاری سنە، تۆمەتەکەیان پێ ڕاگەیاند.

ئەم چالاکە بە \"کۆبوونەوە و تەبانی دژی نیزام، هاندانی بیروڕای گشتی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست\" تۆمەتبار کراوە.

ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایانی شاری مەریوان، لەسەر سکاڵای ئیتلاعاتی سپای پاسداران، تۆمەتەکانیان پێ ڕاگەیاند و ناوبراو تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.

\"ئەسکەندەر لوتفی\"، پاش پێیڕاگەیاندنی تۆمەتەکەی، بە کەفاڵەت ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر ساڵی ٩٧ی هەتاوی، ئەم مامۆستایە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کرابوو و لەو ناوەندە حکوومەتییەدا لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

ئەم مامۆستا کوردە پاش مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان، بە هۆی \"هاندانی مامۆستایان بۆ بەشداری کردن لە مانگرتنی سەرتاسەری\"، بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کرابوو.