لە دوو حەوتووی ڕابردوو لە کرماشاندا، دوو دەستدرێژی بۆ سەر مێرمنداڵان تۆمار کراوە

12:58 - 23 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: لە دوو حەوتووی ڕابردوو لە کرماشاندا، دوو حاڵەتی دەستدرێژی کردنە سەر دوو کچی تەمەن ٤ و ١٢ ساڵ، ڕوویداوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو ڕۆژ پێش، پیاوێکی تەمەن ٣٢ ساڵ، بە مەبەستی دەسدرێژیی جینسی، هێرشی کردووەتە سەر کچێکی تەمەن ١٢ ساڵ.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەو کچە، بنەماڵەیەکی دەستکورتن و دایکی ئەو کچەش خەریکی کاری ماڵان بووە و لە کاتی چوونە دەرەوە بۆ کاری ماڵان، ئەو پیاوە کە دراوسێی ماڵی ئەو کچە ١٢ ساڵەیە بووە، هێرشی کردووەتە سەری.
 

ئەو سەرچاوەیە لە زاری دایکی ئەو کچەوە ڕایگەیاندووە کە پاش گەڕانەوەی دایکی، گوێی لە دەنگی قیژەی کچەکەی بووە کە داوای یارمەتیی کردووە و پیاوەکە کە کەسێکی مەوادفرۆش بووە، لەسەر بانی ماڵەکەیانەوە هەڵاتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "پاش سکاڵای بنەماڵەی کچەکە، بنەماڵەی ئەو پیاوە وتوویانە لە ئەگەری ڕەزایەتیدان پێیان، ١٠٠ ملیۆن تمەن پارە دەدەین".

لە لایەکی دیکەوە، دایەگەورەی منداڵەکە ڕایگەیاندووە: "کاتێک سەردانی ژووری دادوەرم کرد، دادوەر ڕایگەیاند کە بۆ پاراستنی ئابڕووی کچەکەت ڕەزایەت بەو پیاوە بدە، بەو بیانووەی کە ئەو کوڕە کچەکەتی خۆش دەوێت و پارەیەکش وەربگرە".

ئەمە دووهەمین حاڵەتە کە لە ماوەی دوو حەوتوودا و لە پارێزگای کرماشاندا، دەستدرێژیی جینسی دەکرێتە سەر کچان و لەو پەیوەندییەدا، کچێکی تەمەن ٤ ساڵی خەڵکی شاری کرماشان، لە لایەن بەڕێوەبەری شیرکەتێکی تایبەتەوە، دەستدرێژیی کرایە سەر.

بەپێی ماددەی ٦٢١ی یاسای سزای ئیسلامی، هەر کەسێک بە مەبەستی دەستدرێژی، ڕفاندن، شاردنەوە یان تۆڵەکردنەوە لە کەسێکی دیکە، هێرش بکاتە سەر منداڵەکەی، بە ٥ هەتا ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم دەکرێت.