لاوێکی کورد بە سێ مانگ زیندانی مەحکووم کرا

15:56 - 8 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە سێ مانگ زیندانی مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر \"ڕەئیسی\"، لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵەی بە ناوی \"موبین ئەڵڵاوەیسی\"، کوڕی جەلال، خەڵکی گوندی \"قار\"، لە بەخشی ناوەندیی ئەو شارە، بە سێ مانگ زیندانی مەحکووم کرد.

حوکمی سێ مانگ زیندانیی تەعزیریی ئەو لاوە کوردە، بەبێ ئامادەبوونی خۆی دراوە و هەروەها ئەو حوکمە لە سەرەتای ئەم مانگەوە (پووشپەڕ) بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەو لاوە کوردە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، ئەو حوکمەی بە سەردا سەپاوە.

\"موبین ئەڵڵاوەیسی\"، بۆ ماوەی چەند مانگێک، ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە. پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لەژێر لێکۆڵینەوەی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا بووە.

ئەو لاوە کوردە، پاش لێکۆڵینەوەکەی، بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.