قوتابخانەکانی دوو گوندی مەریوان تەنیا یەک مامۆستای هەیە

10:24 - 28 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: قوتابخانەکانی دوو گوندی شاری مەریوان، لەگەڵ کەمیی مامۆستا بەرەڕوویە و ئەو دوو گوندە یک مامۆستای بۆ وانەوتنەوە هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش نزیک بە یەک مانگ لە کرانەوەی قوتابخانەکان لە ئێران، گوندەکانی "وەنێنەی خواروو" و "وەرۆ"، سەر بە ناوچەی کۆماسیی شاری مەریوان، تەنیا یەک مامۆستایان هەیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەهۆی نەبوونی مامۆستا، قوتابییەکانی ئەو دوو گوندە، تەنیا سێ ڕۆژ لە حەوتوودا وانەکانیان دەخوێنێن و مامۆستای قوتابخانەکە هەر سێ ڕۆژ و لە یەکێک لەو گوندانە دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "سەرەڕای داواکاریی هاووڵاتییانی ئەو دوو گوندە لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان بۆ دابینکردنی مامۆستا، هەتا ئێستا هیچ وڵامێکی ئەرێنییان لە لایەن ئەو ناوەندە پەروەردەییەوە وەرنەگرتووە".

ناوچەی "کۆماسی" سەر بە شاری مەریوانە و نزیکەی ١٩ گوند لەخۆ دەگڕێت.