فەراز فیروزی مەندوومی: سەردان لە گرتنگەکانی ئەمنییەتیی لە کوردستان ببێتە داخوازیەکی گشتیی

16:11 - 16 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هەتا ئێستا ئیزنی پشکنین لە گرتنگەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە شاری سنە، بە هیچ ناوەندێکی سەربەخۆی نێونەتەوەیی نەدراوە و و میکانیزمەکانی حقووقی، بۆ سەردانی ئەو گرتنگەیانە لە لایەن حیزبە کوردییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆییەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو گرتووخانانەی کە لەژێر کونتڕۆڵی سپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات و فەرماندەیی هێزە ئینتزامییەکان لە شاری سنە دان، بە یەکێک لە ترسناکترین گرتووخانە ئەمنییەتییەکان ئەژمار دەکرێن.

فەراز فیرووزی مەندوومی، لێکۆڵەری قوناغی دوکتۆرای ماف لە زانکۆی هامبوورگ و چالاکی مافی مرۆڤ، ڕایگەیاند: قەرارگای ئوستانیی شارامفەڕ، گرتووخانەی بانی ئەمنییەتیی ناسراو بە باشگای ئەفسەران، گرتنگەی پادگانی ئیمام عەلیی سپای بیتوالموقەدسی کوردستان لەژێر کونتڕوڵ و چاوەدێری ئیتلاعاتی سپای پاسداران دایە.

\"\"فەراز فیرووزی مەندوومی، لێکۆڵەری قوناغی دوکتۆرای ماف لە زانکۆی هامبوورگ و چالاکی مافی مرۆڤ
ناوبراو دەڵێت: گرتووخانەکانی قەرارگای ئوستانیی شارامفەڕ، یەکێک لە گرینگترین و ترسناکترین گرتووخانەکانه هەنووکە لە شوێنی ساواکی پێشوو لە بێڵواری خوسرەوئاوای شاری سنەیە. بەپێی زانیارییە پارێزراوەکان، ئەو گرتووخانەیە تەنیا ژووری تاکەکەسیی هەیە و تاوانبار لە هاتنە ناو ئەو ژوورانە ئیزولە دەبێت و تەنانەت لە ئاگادارکردنی بنەماڵەکەی لە شوێنی ڕاگیرانی بێبەرییە. ژوورەتاکەکسییەکان نزیکەی ٦ مێتره و بێبەرین لە هەر جۆرە سێرویسێکی بێهداشتی و تەنابەت تەهوویەکی باش لە ژووری تاکەکەسییەکان بوونی نییە. ئەو چالاکە مافی مرۆییە دەڵێت: گرتنگەکانی بان ئەمنییەتیی ناسراو بە گرتنگەی باشگای ئەفسەران کە پاش شۆڕش ڕادەستی سپای پاسداران لە شاری سنە کرا. زانیارییەکی ورد لە کارکردی ئەو گرتنگەیە کە پاش شۆڕش دامەزراوە لەبەردەستدا نییە.

بە وتەی فیروزی مەندوومی، گرتووخانەی پادگانی ئیمام عەلی سپای بەیتولموقەدسی کوردستان، تایبەتە بە شوێنی ڕاگرتنی پێرسۆنێلی نیزامیی و دژە سیخورەکان.

ناوبراو ، سەبارەت بەو گرتووخانانەی کە لەژێر کونتڕۆڵی وەزارەتی ئیتلاعات دان، دەڵیت: بە سەرنجدان بە دامەزراندنی وەزارەتی ئیتلاعات لە ماوەی ئەو ساڵانەی پاش شۆڕش، بینای ئیداری وگرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کوردستان لە دەیەی ٧٠ی هەتاوی، لەو زەویانەی کە تایبەت بە بنەماڵەی سادق وەزیری بووە و دەستی بە سەرداگیراوە و دامەزراوە که پانتاییەکەی بە قەد نێوان دوو شەقامی سەفەری و بێلواری خوسرەوئاوای شاری سنە دەبێت.

بەپێی زانیارییە دەستکەوتووەکان ئەم گرتنگانەی لە ئاستی قووڵتر لە کەفەکەی دامەزراوە و خاوەنی ژووری تاکەکەسی و بهکۆمەڵە، کە لە ناو ژوورە تاکەکسییەکان سێرویسی بێهداشتی هەیە، ئەندازەی ژوورەتاکەکەسییەکان ٤ مێتر لەگەڵ بەرزاییەکەیە و هەروەها چرایەک کە ٢٤ کاتژمێر رۆشنە. توندوتیژی و ئازار و ئەشکەنجەی جیسمانی توند، لەسەر گیراوەکان بە کار دەبدرێت.

ئەو لێکۆڵەرەی قۆناغی دوکتورا لە زانکۆی هامبوورگ سەبارەت بە گرتنگە نهێنییەکانی ناوەندی فەرماندیی هێزە ئینتزامییەکان لە کوردستان ڕوونی کردەوە: لە سێڕایانی شاڵمانیی شاری سنە، ئەو گرتووخانانە لە پلاکی ٢٨٢٨ی سەرەکیی بەخشی سێی شاری سنە دامەزراوە و کە خاوەنی ئەو گرتووخانانە شارەداری شاری سنەیە و لە دەیەی ٧٠ لە لایەن کۆمیتەی ئینقلاب بە هۆی زاڵبوون بە سەر شاری سنە داگیر کراوە. گرتووخانەکان، لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکانی شاری سنە، کەڵکی لێوەردەگیردرێت.

ئەو چالاکە مافی مرۆییە لە پەیوەندی لەگەڵ گرتووخانەی کۆنی لەشکەری ٢٨ی پیادەی شاری سنە، هەروەها ڕایگەیاند: کاتی دامەزراندنی ئەو گرتنگەیە بۆ پێش دستپێکردنی شۆڕش دەگەڕیتەوە و ئەو گرتنگەیە لەژێر دەسەڵات و کونتڕۆڵی حیفازەت و ئیتلاعاتی ئەرتەش دابووە.

فەراز فیرووزی مەندوومی دووپاتی کردووە: زانییاری ورد و فەرمی لە گرتووخانەکانی ئەمنییەتیی لە شاری سنە لە بەردەستدا نییە و ئەم زانیاریانەش کە هەیە بە پشتبەستن بە گێراونەوەی زیندانییانی ئازادکراو لەو سیستمە ترسێنەر و نهێنییە بووە.

ناوبراو ڕایگەیاند: هەتا ئێستا ئیزنی پشکنین لە گرتنگەکانی ئەمنییەتی لە شاری سنە بە هیچ ناوەندیکی نێونەتەوەیی نەدراوە و دەبێت سەردانی ئەو گرتنگانە لە لایەن ڕێپۆرتێرانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ببێتە داخوازێکی گشتیی و میکانیزمەکانی حقووقی لە لایەن حیزب و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆییەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

ئەو چالاکە مافی مرۆییە لە کۆتاییدا، رایگەیاند: هەتا ئێستا کردەوەی خۆسەرانه و توندوتیژی لە ڕادەبەدەر لە گرتنگەکانی ئەمنییەتیی شاری سنە، بووەتە هۆی گیانی لە دەستدانی سێ لاوی کورد بە ناوەکانی ئیبراهیم لوتفوڵلاهی، سارۆ قەهرامانی و کیانووش زەندی.

\"\"گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە


\"\"سەتادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە