شەڕ و تێکەڵچوونی هێزە نیزامییەکان لەگەڵ یەکتر لە سنووری پیرانشاردا

17:24 - 4 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکان لە سنووری شاری پیرانشاردا لەگەڵ یەکتر تووشی شەڕ و پێکدادان بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٣ی جۆزەردان، هێزەکانی هەنگی سنووریی شاری پیرانشار لە شوێنێک بە ناوی \"شینک\"، دەکەونە بۆسەی یەکتر و تەقە لە یەکتر دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: \"لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، چوار کەس لە هێزەکانی هەنگی سنووری کوژراون و تەرمی ئەوانیان بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە، ڕاگوێزراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هێزەکانی هەنگی سنووری، لە تاریکایی شەودا و لە ترسی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، یەکتریان کردووتە ئامانج.\"

هەتا ئێستا هەنگی سنووریی شاری پیرانشار بە نیسبەت ئەم ڕووداوە، بێدەنگی هەڵبژاردووە.