شەپۆلێكی‌تر لە دەستبەرسەر كردن و بانگهێشتی چالاكانی ناسراوی ئایینی لە كوردستان

15:14 - 14 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا 3 كەس لە چالاكانی ئایینیی ناسراو و لە ئەندامانی شۆرای مەكتەب قورئانی كوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر یان بانگهێشت كراون.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەم بارەوە و لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حەسەن ئەمینی بەرپرسی شۆرای مەكتەب قورئانی كوردستان وردەكاریی زیاتری لەمەڕ دەستبەسەر كران و بانگهێشتی چالاكانی ئایینی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتەوە خستە روو.

مامۆستا حەسەن ئەمینی لێپرسراوی شۆرای بەڕێوەبەریی مەكتەب قورئانی كوردستان هۆكاری ئەم زەخت و گوشارانەی گەڕاندەوە بۆ ئەو چالاكییە تەبلیغییانەی كە ئەندامانی شۆرای مەكتەب قورئان ئەنجامی دەدەن.

حەسەن ئەمینی وتیشی: \"ئەوە شتێكی روون و ئاشكرایە كە كۆمەڵێك كەموكۆڕی لە كوردستان هەیە و لەلایەن ناوەندە حكوومەتییەكانەوە كارگەلێك خەریكن لەم ناوچانە ئەنجام دەدرێن و هەموو كەسێك لێیان ئاگادارە و تەنیا تاوانی ئەم ئەندامانەی ئێمەش باس كردنی ئەو راستییانە بووە\".

بەرپرسی شۆرای مەكتەب قورئانی كوردستان ئەوەشی روون كردەوە: \"عەبدوڵڵا عەباسی زیاتر لە 40 رۆژە گیراوە و لەو ماوەیەوە هەتا ئێستا هەر لە گرتنەگەی ئیتلاعات راگیراوە و وێڕای بەڵێنی دان هێشتا رەوانەی دادگا نەكراوە و نەیانهێشتووە بنەماڵەكەشی بیبینن\".

عەبدوڵڵا عەباسی یەكێك لە بەرپرسانی دەفتەری حەسەن ئەمینی، موفتی و لێپرسراوی شۆرای مەكتەب قورئانی كوردستان، رۆژی هەینی رێكەوتی 6ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە بازگەی پۆلیسی جادەی سنە ـ كرماشان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر و رەوانەی ستادی خەبەری ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای كوردستان كراوە.

حەسەن ئەمینی وتیشی: \"كاتژمێر 30/9ی سەر لەبەیانی رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 12ی خەرمانان هێزە ئیتلاعاتییەكان سەردانی ماڵی هاشم حوسێن پەناهی چالاكانی مەزهەبی و یەكێك لە بەرپرسانی نووسینگەی مەكتەب قورئانیان كردووە وێڕای قۆڵبەست كرانی لەگەڵ خۆیان بردوویانن و لەو كاتەوە هەتا ئێستا وێڕای ئەوەی كە براكەی سەردانی ئیتلاعاتی كردووە نەیانهێشتووە چاوی پێ‌ بكەوێت و لەبارەی چارەنووسییەوە هەواڵێكیان پێنەداون\".

ئەو چالاكە ئایینیە راشیگەیاند: \"ئەوە مافێكی ئێمە و بنەماڵەی گیراوەكانە كەلە هۆكاری گیران و شوێنی راگیرانیان بزانین، بەڵام هیچ وەڵامێكمان نادەنەوە\".

لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ كوردپا ئاشكرای كرد سەید مراد فەتحی كەلە ئاخاوتنێكدا رەخنەی لە هێندێ‌ كردەوەی حكوومەت و بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ داگیركردنی زەوی و زاری خەڵكدا گرتبوو، بانگی ئیداەی ئیتلاعات كراوە و بۆ ماوەی چەند كاتژمێر لێپرسینەوەیان لێكردووە.

رێكەوتی 9ی خەرمانان، سەید مەراد فەتحی یەكێك لە ئەندامانی لەمێژینەی مەكتەب قورئان لە كامیاران و ئەندامی شۆرای بەڕێوەبەریی مەكتەب قورئان كوردستان بانگهێشتی ئیداری گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای كوردستان كراوبوو.

\"5955.jpg\"
حەسەن ئەمینی لێپرسراوی شۆرای بەڕێوەبەریی مەكتەب قورئانی كوردستان
مامۆستا حەسەن ئەمینی لە پێوەندی لەگەڵ هۆكاری گیران و و ئەو دەستبەسەر كردنە یەك لە دوای یەكانەی ئەندامانی مەكتەبی قورئاندا وتی: \"ئەوان هیچ تاوانێكیان نیە جگە لەوەی كە سەرقاڵی تەبلیغات و چالاكیی ئایینین و ئەم شەپۆلە گیران و سەركوت كردنە تەنیا لە كوردستاندا نیە، بەڵكوو لە ناوچەكانی دیكەی ئێرانیش لە گۆڕێ‌ دایە و ئامانجیشیان ئەوەیە كە زیاتر بیروبۆچوون و فكری خۆیان بەسەر خەڵكدا دابسەپێنن و هەر كەس و بزووتنەووە و حەرەكەتێك لەبەردەمیاندا كۆسپ بێت، لەگەڵی بەرەروڕوو دەبنەوە و هەوڵ بۆ لابردنی دەدەن و تیشی: بەڕای ئەوان ئێمە زیاتر كۆسپین و جەریانێكی سەربەخۆین و هەموو كار و چالاكییە دینییەكانمان سەربەخۆ بەڕێوە دەبەین و لە هەمان كاتیشدا یاساكانمان رەچاو كردووە\".

لە درێژەی لێدوانەكەیدا ئەوەشی خستە روو كە ئێمە چالاكییە مەزهەبییەكانمان هەموو لەراستای یاساكان دایە و تەواوی ئەو تاوانانەش كە دەدرێنە پاڵ ئەندامانی مەكتەب قورئان بە تاوانی نازانین و ئامادەم لە هەموو شوێنێك بەرگرریان لێ‌ بكەم.

شۆرای مەكتەب قورئانی كوردستان یەكێك لە جەریانە مەزهەبییە ناسراوەكانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێرانە كە لەناو پێڕەوانی مەزهەبی سوونە سەرقاڵی چالاكییە و پێش شۆڕشی ساڵی 1357 لەلایەن ئەحمەد موفتی زادە یەكێك لە چالاكانی سیاسی ـ مەزهەبیی ناسراوی كوردستانەوە دامەزراوە.