شوناسی چوار کەس لە زیندانییانی زیندانی سپیداری ئەهواز کە بە تەقەی مەئمووران کوژراون ڕوون بووەوە

11:16 - 14 خاکەلێوه 2720

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەبوونی کەرەستەی تەندروستی، هەروەها پێنەدانی مورەخەسی بە زیندانییانی زیندانی سپیداری ئەهواز، زیندانییان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی خاکەلێوە، پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی زیندانییانی سپیداری ئەهواز، مەئموورانی ئەو زیندانە لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بە تەقەکردن و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر زیندانییان و لەو پەیوەندییەدا چەندین زیندانی کوژران و بریندار بوون کە هەتا ئێستا شوناسی ٤ کەس لە زیندانییانی کوژراو ڕوون بووەتەوە.

"محەممەد تامولین تەرەفی" کوڕی "لفتە"، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری بستان، "سەید ڕەزا خۆراسانی تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی دەشتی ئازادگان، "محەممەد سەلامەتی" خەڵکی گەڕەکی مەشعەلی ئەهواز و "شاهین زەهیری" خەڵکی خوڕەمشار، چوار زیندانیی کوژراوی ئەم زیندانەن.

هەروەها  "عادڵ سواری" و  "سەید فازڵ تاڵقانی"، دوو زیندانیی برینداربووی زیندانی شەیبانی ئەهوازن.

چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز باس لە کوژرانی ١٨ زیندانی لە زیندانی شەیبانی ئەهواز دەکەن.