\"سەپاندنی حوکمی دووبارەی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵاپوور لە سەر بڕیاری حیفازت ئیتلاعاتی سپای ورمێ بوو\"

15:36 - 9 رێبەندان 2717

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ورمێ بۆ دووهەمین جار لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانبار، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆی بە ناوی \"هیدایەت عەبدوڵاپوور\" کوڕی \"ئەبووبەکر\" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ حوکمی ئێعدامی بۆ هیدایەت عەبدوڵاپوور و حوکمی ١٠٠ ساڵ زیندانی بۆ حاسڵ عەزیزی، محەممەدزاهید فەرامەرزی،یەعقووب بائیکەرام،جەلال مەسرووری،کەمال مەسرووری و سدیق بائیکەرام دەرکرد.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی \"قەرەسەقەل\" سەر بە شاری شنۆی بە تۆمەتی\"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مەحکووم کردبوو.

ئاژانسی کوردپا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی سەبارەت بە وردەکارییەکانی ڕەوتی دادگایی کردنی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، لەگەڵ یەکێک لە نزیکانی ناوبراو وتووێژێکی ئەنجام داوە؛ بەهۆکاری ئەمنیەتی، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ئاژانسی کوردپا پارێزراوە.

ناوبراو دەڵێت: پاش ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵاپوور لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت عەبدوڵاپوور لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووهەمین جار لە سەر داوای حیفازەت ئیتلاعات، حوکمی ئیعدام بە سەر ئەو زیندانییە سیاسیە کوردەدا سەپا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: پارێزەری دۆسیەی ئەو زیندانییە کوردە بە ناوی\"نەجەفی\" بە بنەماڵەی عەبدوڵڵاپووری ڕاگەیاندووە کە لێرە یاسا سەروەر نییە و ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکان زاڵ بە سەر یاسان و بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بە سەر کوڕەکەیان بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری ورمێ بووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە یەکەم دادگایی کردنیدا بە سەرۆکایەتی \"شێخلوو\" و لە دادگایی کردنی دووبارە بە سەرۆکایەتی دوو دادوەر بە ناوەکانی\"سەعید ئەحمەدی\" و \"قازی قازی زادە\" بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

ناوبراو دەڵێت: عەبدوڵاپوور لە یەکەم دادگایی چەند خولەکیدا بە ئێعدام مەحکووم و لە رەوتی لێکۆڵینەوەکان لە مافی دیاری کردنی پارێزەر بێبەری بووە.
ناوبراو دەڵێت: بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە دەرکردنی ئەو حوکمە نارەزایەتییان دەبڕیووە و لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێش مافی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بەو حوکمە بەرچاو دەکەوێت.

ناوبراو لە کۆتاییدا بە ڕەت کردنەوەی ئەو تۆمەتانە بەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕایگەیاند: هیدایەت عەبدوڵاپوور هیچ کات هەوڵی چەکدارانەی دژی حکوومەتی ئێران ئەنجام نەداوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ دانپێدانانی زۆرەملی و تاوانی دروست کراو، ناوبراویان بۆ ماوەی ١٣٥ ڕۆژ لە گرتووخانەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری ورمێ ڕاگرتووە.

بەوتەی ناوبراو ئەم ناوەندە ئیتلاعاتییە ئازارو ئەشکەنجەی ئەو زیندانییە کوردەیان داوە و شوێنی لێدانی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە سەر جەستەی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت.

\"\"

سەپاندنی حوکمی دووبارەی ئێعدامی هیدایت عەبدوڵاپوور لە سەر بڕیاری حیفازت ئیتلاعاتی سپای ورمێ بوو