سەلەحشوور: خەڵاتی گوڵدن گلووب شانازیی وڵات نیە، خەیانەتە

16:07 - 28 بەفرانبار 2711
كوردپا: لە پەرچە كردار بە خەڵاتی نێودەوڵەتیی \"گوڵدن گلووب\" كە بە بۆنەی فیلمی \"جیایی نادر لە سیمین\" بە ئەسغەر فەرهادی درا، فەرەجوڵڵا سەلحەشوور یەكێك لە سینەماكارانی لایەنگری حكوومەت، ئەو خەڵاتەی بە خەیانەت بە وڵات وەسف كرد.

ماڵپەڕی جەڕەس بڵاوی كردەوە، فەرەجوڵڵا سەلەحشوور یەكێك لە سینەماكارانی لایەنگری حكوومەت لە پەرچەكردار بە دانی خەڵاتی گوڵدن گڵووب بە فیلمی ئەسغەر فەرهادی وتوویەتی: ئەو سەركەوتنە بۆ وڵاتی ئێران شانازی نیە و بەڕای من خەیانەتێكی گەورەیە بە خەڵكی وڵات!

ئەو دەرهێنەرەی لایەنگری حكوومەت كە دەربڕین و لێدوانە پڕ لە سووكایەتی و بێحورمەتییەكانی چەند مانگ لەمەوبەری بە نیسبەت ئەكتەرانی ژنی سینەمای ئێران كە بە خراپەكاری وەسف كردبوون، بووە هۆی تووڕە بوون و پەرچە كرداری كۆمەڵگای سینمایی ئێران.

سەلەحشوور لە درێژەدا فیلمی \"جیایی نادر لە سیمین\"ی بەم چەشنە وەسف كردووە و وتوویەتی: بۆ وێنە ئەگەر كەسێك دزی بكات و خەڵاتی باشترین دزی وەربگرێت، یان دوكتورێك بەهۆی ساز كردنی حەبی رەوانگەردان خەڵاتی پێ‌ببەخشرێ‌، ئەو فیلمەش راست رۆڵی ئەو كارانە دەبینێ‌و بۆ ئێمە شانازی نیە.

سەلەحشوور ئەوەشی خستۆتە روو كە بەرپرسانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد خەیانەتیان بە ئێران كردووە كە مۆڵەتی بەشداری لەو خەڵاتەیان بەو فیلمە داوە و بڵاو نەكردنەوەشی لەلایەن راگەیەنەكانی ئێرانەوە بە كارێكی بەرپرسانە وەسف كردووە و رایگەیاندووە بڵاو نەكردنەوەی هەواڵی خەڵاتە بیانییەكان بە پێشنیاری خامنەیی جێبەجێ‌دەكرێن.

رێكەوتی ١٥ی ژانویەی ٢٠١٢ ( ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٠) فیلمی \"جیایی نادر لە سیمین\" لە دەرهێنانی ئەسغەر فەرهادی دەرهێنەری ئێرانی خەڵاتی نێودەوڵەتیی شەست و نۆیەمین خولی فیلمی \"گوڵدن گڵووب\"ی پێ‌بەخشرا.

خەڵاتی گوڵدن گڵووب، ناوی كۆمەڵە خەڵاتێكە كە هەر ساڵە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەلایەن یەكیەتیی چاپەمەنیی دەرەكیی هالیوودەوە بە باشترین بەرهەمی سینەمایی و تەلەفیزیۆنی دەدرێت.

ئەو خەڵاتە بۆ یەكەم جار لە ساڵی١٩٤٤ دیاری كراوە.