سێهەمین مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان لە کوردستان و ئێران

14:50 - 12 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایان بۆ سێهەمین کەڕەت لە ئەمساڵ، لە هەمبەر جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکانیان مانیان گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی ڕەشەممە، فەرهەنگییانی کورد لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز و کرماشان بەپێی بانگەوازی شۆرای هاوئاهەنگی دامەزراوەکانی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران، بە ئامادبوون لە نووسینگەی قوتابخانەکاندا، لە چوون بۆ پۆلەکانی خوێندن، خۆیان بوارد.

مامۆستایانی مانگرتووە خوازیاری بە دەستهێنانی داواکارییە باس کراوەکانیان لە لایەن شۆرای هاوئاهەنگی دامەزراوەکانی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران بوون.

شۆرای هاوئاهەنگی دامەزراوەکانی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران سەبارەت بە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان لە ئێران ڕاگەیاندووە: مانگرتنی سەرتاسەری ئەنجومەنی هاوئاهەنگیی هەتا ئێستا لەگەڵ پێشوازی باشی مامۆستایان بەرەوڕوو بووتەوە و ئەو هەواڵە و زانیارییانەکە بە دەستی ئەنجومەن گەیشتوون باس لە مانگرتنی مامۆستایان لە پارێزگاکانی خۆراسان ڕەزەوی، ورمێ، زەنجان، مازنداران، ئەردەبێل، خوزستان، کوردستان، کرماشان، ئەلبوور، هەمەدان و ئیسفەهان.... دەکات.

شۆرای هاوئاهەنگی دامەزراوەکانی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران دەڵێت: قوتابیانی هێندێک لە قوتابخانەی شارەکان لە چوون بۆ سەر پۆلەکانی خوێندن خۆیان بواردووە.

ڕێکەوتی ١ی ڕەشەممە شۆرای هاوئاهەنگی دامەزراوەکانی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران لە هەمبەر جێبەجێ نەکردنی داخوازی فەرهەنگییان لە بانگەوازێکدا، داوای لە فەرهەنگییان کرد کە لە ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ی ڕەشەممە مان بگرن لە چوون بۆ سەر پۆلەکانی خوێندن خۆیان ببوێرن.