سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار دەسبەسەر کران

12:02 - 22 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ڕەزبەر، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە، دەسبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی یەکێک لەو سێ کەسە دەسبەسەرکراوەی بە ناوی "هادی خزری"، تەمەن ٢٧ ساڵ ڕاگەیاندووە.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییەکەی دیکە هەتا ئێستا بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار ڕایگەیاند: "هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا و مەحکوومکردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا دەسبەسەر کردووە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانی ئەو سێ هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەزبەر، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی: "ورمێ، سنە، ئیلام، کرماشان، دیواندەرە، مەهاباد، شنۆ، سەقز، جوانڕۆ، پاوە و سەلاسی باوەجانی"، بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.