زارا محەممەدی بە بێ پارێزەر ڕەوانەی دادگای ئینقلابی سنە کرا

18:03 - 27 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی "نۆژین" پاش چوار مانگ بە بێ پاڕێزەر ڕەوانەی دادگای ئینقلابی شاری سنە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی خەرمانان، زارا محەممەدی، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی "نۆژین" بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی "مێهرداد عەلیخانی"، براوەتە دادگای ئینقلابی شاری سنە.

ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی "نۆژین" بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند:"زارا لە کاتێکدا بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێرگوشاردایە کە سەر بە هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی نییە و تەنیا تاوانی ڕاهێنانی منداڵان بووە بە زمانی کوردی."

ماوەیەک پێشتر، برایەکی زارا محەممەدی لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، ڕایگەیاند کە لە چارەنووس و تۆمەتی وەپاڵدراوی زارا هیچ زانیارییەکی وردیان نییە.

"زارا محەممەدی"، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، لەگەڵ دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.