دەسەڵاتی ئیدارەکانی پزیشکی یاسایی ڕادەستی حیفازەت ئیتلاعاتی گشتیی دەزگای دادوەری کرا

16:49 - 28 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: پاش بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان لە ئێران و کوردستاندا، دەسەڵاتی ئیدارەکانی پزیشکی یاسایی ڕادەستی حیفازەت ئیتلاعاتی گشتیی دەزگای دادوەری کرا.

پاش بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و کوردستاندا، دەسەڵاتی ئیدارەکانی پزیشکی یاسایی سەرتاسەری ئێران، بەتەواوی ڕادەستی حیفازەت ئیتلاعاتی گشتیی دەزگای دادوەری کرا، تاکوو هیچ زانیارییەک سەبارەت بە مۆڵەتی بەخاکسپاردن لەم ڕۆژانەدا بڵاو نەبێتەوە.

"فەراز فیرووزی مەندۆمی"، لێکۆڵەری دوکتورای ماف لە زانکۆی هامبورگ، وێڕای تەئیدی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "هیچ پزیشکێک مافی هاتوچۆی لە هۆڵی تەشریحی ئیدارەکانی پزیشکی یاسایی نییە، مەگەر ئەوەیکە مۆڵەتی حیفازەت ئیتلاعاتی گشتیی دەزگای دادوەریی هەبێت".

ناوبراو وتی، چاوەدێری لەسەر ئیداراتی پزیشکی یاسایی چڕتر بووەتەوە و دادگوستەری و حیفازەت ئیتلاعاتی گشتیی دەزگای دادوەری، لە هەر جۆرە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ناڕازییان، خۆیان دەبوێرن.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان بە گرانکردنی بێنزین، دەیان هاووڵاتیی ناڕازی لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، کوژراون و بریندار بوون.

تا ئێستا بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئێران، ئامارێکی وردیان سەبارەت بە ڕێژەی قوربانییانی ناڕەزایەتییەکان، ڕانەگەیاندووە.