دەسبەسەرکردنی خوێندکارێکی کورد لە مەریواندا

13:20 - 29 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی پەیامنووری مەریوان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بانەمەڕ، \"کەژوان ئازادیان\"، خەڵکی گوندی \"یەنگیجە\"ی مەریوان، خوێندکاری زانکۆی پەیامنووری مەریوان و چالاکی ژینگەپارێزی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ مۆڵەتی یاسایی، ئەم خوێندکارە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.\"

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: \"لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، ئەمە بۆ دووەمین جارە کە ئەم خوێندکارە کوردە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و جاری پێشوو ماوەی سێ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا بووە.\"

تا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکار یان هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم خوێندکارە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.