دیسان تەقەی هێزەکانی سپا، برینداربوونی کۆڵبەرێکی بەدواوە بوو

12:57 - 24 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری شاری قوتووردا، بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٢٢ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "محەممەد هادیزادە"، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی "ئەسەد"، خەڵکی گوندی "یووسف‌ئاوا"ی ناوچەی قوتووری خۆی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بەسەختی پێکرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە سنووری قوتوور، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، تەقەی لێکراوە و لە لایەن دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری خۆی کراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری تەورێز کراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.