دۆسیە مردنی گومانئاوی خوێندکارێکی ئایینیی کورد لە ژێر گوشاری سپای پاسداران داخرا

16:17 - 31 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دۆسیەی مردنی گومانئاوی خوێندکارێکی ئایینیی کورد خەڵکی شاری بانە، بەبێ ڕاگەیاندنی ئاکامی ئەو دۆسیەیە، بەسترا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هۆکاری گیان لە دەستدانی خوێندکارێکی کورد بە ناوی \"تەها قادری\" تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی شاری بانە، لە لایەن سپای پاسدارانەوە \"خنکان لە بەنداوی نەنۆڕ\"ی ئەو شارە، ڕاگەیاندراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی تەها قادری بە ئاژانسی کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: ئەو لاوە کوردە بە هۆی ڕەخنەگرتن لە مەراجعی تەقلید، لە ئێران، چەندین جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە کراوە.

ئەو سەرچاوە دەڵێت: ناوبراو دوایین جار کە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانە کراوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە و لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران بردراوەتە تەنیشت بەنداوی نەنۆڕ و دواتر ناوبراو لەو بەنداوە دەخنکێنن.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هێزەکانی سپای پاسداران کەلوپەلی ئەو خویندکارە ئایینییە کوردە لە تەنیشت ئەو بەنداوەیان بەجێهێشتووە و خەڵکی ئەو ناوچەیە پاش دۆزینەوەی تەرمی ناوبراو لە بەنداوی نەنۆڕ بە موبایلی شەخسی ئەو خویندکارە بنەماڵەکەیان لەو ڕووداوە ئاگادار دەکەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: تەرمی ئەو لاوە کوردە، سەرەتا بۆ پۆلیسی ئاگایی و دواتر بۆ پزیشکی یاسایی دەگوازنەوە.

سەرچاوەی باوەڕپێکراوی کوردپا دەڵێت: لە ژێر گوشاری سپای پاسداران، پزیشکی یاسایی گیان لە دەستدانی ئەو لاوە کوردەی بە خنکان لە بەنداوی نەنۆڕ ڕاگەیاندووە و هەروەها بنەماڵەی ناوبراوی ناچار بە واژۆ کردوە، سەبارەت بەوەیکە ئەو بنەماڵەیە لە هیچ کەسێک شاکی نیین و ئەو دۆسیەیان داخستووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خاکەلێوە، ٢٤ کاتژمێر پاش نادیاربوونی تەها قادری، تەرمی ناوبراو لە تەنیشت بەنداوی نەنۆڕی بانە دۆزرابووە.

تەها قادری، خوێندکاری زانستی ئایینی دارقورئانی محەممەد ڕەسوڵ‌ئەڵلای قایبەردی شاری بانە بووە.