دوو لاوی مەریوانی پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەیان ئازاد کران

15:06 - 18 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کورد خەڵکی گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان، پاش تەواوکردنی ماوەی زیندانی بوونەکەیان، لە زیندان ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی بانەمەڕ، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی \"ئەمیر ئەرژەنگ\"، کوڕی موختار و \"باست ئەفشار\"، کوڕی ڕەزا، خەڵکی گوندی نێ\"ی شاری مەریوان، پاش تێپەڕاندنی ماوەی زیندانی بوونەکەیان، لە زیندانی ئەو شارە، ئازاد کران.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی \"نێ\" سەر بە شاری مەریوان بە ناوەکانی \"ئەمیر ئەرژەنگ و باست ئەفشار\" بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە نەورۆزدا لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە بە چوار ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

ئەم دوو هاوڵاتییە کوردە، لە یەکەمین دادگاییدا بە ٣ ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەیان بۆ سیستان و بەلووچستان سزا درابوون، کە بە هۆی ناڕەزایەتی‌د‌ەربڕینیان بەو سزایەی کە بە سەریاندا سەپاوبوو، ئەم سزایە بۆ دوو ساڵ گۆڕدرا.

ئەم دوو لاوە کوردە، لە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەرداندا، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و بۆ ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوونەوە.