دلێر ئەسکەندەری: هەواڵدەرییە دەوڵەتییەکان ناوەرۆکی دانیشتنی خوێندکاران و نوێنەرانی مەجلیس‌یان بەرئاوەژوو کردۆتەوە

21:42 - 14 بانەمەڕ 2714

 

ئاژانسی کوردپا: رۆژی چوارشەممەی رابردوو رێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ دانیشتنێکی پرسیار و ڵامدانەوە لە زانکۆی ئازادی ئیسلامیی شاری سنە و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی خوێندکاری و مەدەنیی کورد بۆ سالار مورادی و ئیحسان عەلەوی پێکهات.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەو کۆرە پرسیار و وڵامدانەوەیەدا ژمارەیەک لە چالاکانی خویندکاری و مەدەنی کارنامەی دوو ساڵەی رابردووی سالار مورادی و ئیحسان عەلەوی \"نوێنەری شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران\"یان دەور کردەوە و سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو دوو کەسە لە مەجلیسی ئیسلامی و هەڵوێستی ناوەندە ئەمنییەکان لەمەڕ هاووڵاتییان، پرسیارە و رەخنەکانیان هێنایە گۆڕێ.

هەواڵدەریی مێهر لە راپۆرتێکدا و لەژێر ناوی \"جێگەی بەتاڵی داواکاریی خەڵک لە دانیشتنی خوێندکاران و نوێنەرانی مەجلیس\" باسی لەو دانیشتنە کردووە، کە بە گوتەی بەشدارانی ئەو دانیشتنە، نە تەنیا ناوەرۆکی دانیشتنەکەی تێدا باس نەکراوە، بەڵکوو وتە و پرسیاری بەشدارانی ئەو دانیشتنە بەرئاوەژوو کراوەتەوە.

دلێر ئەسکەندەری چالاکی مەدەنیی کورد و بەشداری ئەو دانیشتنە لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپا رایگەیاند، \"لەراستیدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە لەلایەن هەوالدەرییە دەوڵەتییەکانەوە بەلارێدا بردراوەو دەیهەوێ بە مەبەستێکی تایبەتی پێش بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەرین‌تر لە ئاستی زانکۆ و شارەکاندا بگرێت\".

ئەسکەندەری گوتیشی، میدیاکانی دەوڵەتییەکان درێژەی سیاسەتەکانی ٨ ساڵەی رابردوو ئەدەن و ناوبراو وتەی کۆڕگێڕی دانیشتنەکەی بە نموونە هێنایەوە کە لەو دانیشتنەدا گوتی\" پێش ئەوەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، کوژرانی ئەو ٥ ئەندامەی سوپای پاسداران لە شاری بانە بە ئەستۆ بگرن، ئێوە ئۆپۆزیسیۆنتان مەحکووم کرد، بەڵام هەواڵدەریی مێهر ئەو وتەیەی کۆڕگێڕی بەرئاوەژوو کردۆتەوە و لە زارئ کۆڕگێڕەوە نووسیویەتی (ئێوە بۆچی شەهادەتی ئەو پێنج ئەندامەی سوپای پاسدارانتان لە شاری بانە مەحکووم کردووە)\".

\"19812.jpg\"

 

موختار زاری لە دانیشتنی نوێنەران و خوێندکاراندا، داوای بەڕێوەچوونی داگایەکی عادلانەی لەمەڕ کوژرانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی چالاکی خویندکاریی کورد کرد

ئەسکەندەری دەشڵێت، ئەو پرسیار و رەخنانەی کە لەو دانیشتنەدا لەلایەن چالاکانی خوێندکاری و مەدەنییەوە هاتنە گۆڕێ، گوتە و خواستی شەقام و خەڵک بوون، بەڵام میدیای وەکوو مێهر دەیهەوێ بیسەلمێنێ کە ئەم رەخنە و پرسیارانەی تەنیا خواستێ ژمارەیەک کەسی دیاریکراون و دەیهەوێ بەو شێوەیە بەرەوڕووی ناوەندە ئەمنییەکانیان بکاتەوە.

هەروەها موختار زارعی چالاکی سیاسی کورد کە لەو دانیشتنەی رۆژی چوارشەمەمدا بەشداربووە، لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک باسی لە دەقی پرسیارەکانی خۆی سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان، گرتنگە نایاساییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شارەکان کردووەو رەخنەی لە بێ هەوڵوێستیی نوێنەرانی مەجلیس گرتووە\".

زارعی نووسیویەتی، لەو دانیشتنەدا روو لە ئیحسان عەلەوی رامگەیاند، \" دوو ساڵ پێش ئێستا لە دانیشتنێکدا لەگەڵ یەکیەتیی خوێندکارانی دێمۆکراتیکی کورد بەڵێنیی بەدواداچوونی کوژرانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی‌تان لە تریبونی مەجلیسەوە دا، بۆیە ئێمە داوا دەکەین، دادگایەکی عادلانە بە بەشداریی بنەماڵە و پارێزەری ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی و هەروەها ئامادەبوونی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات و نیگابانی ئەو ئیدارەیەین.

ئەو چالاکە سیاسییە باسی لەوەش کردووە، نوێنەری مەجلیس هاوشان و هاوتای وەزیرەکانی دەوڵەتە، چونکە دەبێ وەزیرەکان لە هەمبەر نوێنەراندا وڵامدەر بن، کەوابوو دەبێ وەزیری ئیتلاعات لە هەمبەر نوێنەرانی مەجلیس‌دا وڵامدەر بن\".

بەشدارانی ئەو دانیشتنە کۆمەڵێک باسی وەکوو خوێندکارانی ئەستێرەدار، نەدانەوەی تەرمی زیندانیانی سیاسیی لەسێدارە دراو، چوونەسەرەوەی ئاماری بێکاری، کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارەتیی نوێنەرانی مەجلیسیان هێناەی گۆڕێ، کە نوینەرانی مەجلیس گوتەیەکی ئەوتۆیان بۆ وڵامدانەوە پێ نەبووە.

لە رۆژانی رابردووشدا هەواڵدەریی فارس وتەکانی مەحموود مەحموودی سەرنووسەری دووحەفتەنامەی ئاگرینی رۆژی بەرئاوەژوو بڵاو کردبوویەوە، دواتر لەگەڵ پەرچەکرداری ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ژووری راگەیاندن بەرەوڕوو بوویەوە و دواتر سەرنووسەری ئاگرینی رۆژ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرا.